رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رێڤین ئاراس بەرهەمێکی نوێی بەشێوەی دەنگ بڵاوکردەوە کە گوتنەوەی گۆرانیی "گوڵە هۆ حاجی مریەم"ـە بە میوزیک و شێوازێکی نوێ.
رێڤین ئاراس، پێشتر ئەم بەرهەمەی گوتووەتەوە و بەهۆیەوە لە نێو هەوادارانیدا ناسراوە کە لە ئاوازی فۆلکلۆری ناوچەی هەورامان و هۆنراوەی مەولەوی شاعیرە و هونەرمەند دانا غەنی گوتوویەتییەوە.
محەممەد عیماد کاری میوزیک، میکس و ماسترینگی بۆ ئەم بەرهەمە کردووە، دیزاینەری کەڤەری گۆرانییەکەش لە یوتیوب لەلایەن پەیڤین نەوزاد عەلی کراوە.
رێڤین ئاراس، لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، "گوڵە هۆ حاجی مریەم" یەکێک لەو بەرهەمە کوردیانەیە کە بە گوێی بیسەرانی کورد زۆر ئاشنایە، وەکو مۆرکێکی هونەرمەند دانا غەنیی لێهاتووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو کاری لەسەر کرد؛ زۆر دەنگدانەوەی هەبوو و بووە هۆی ئەوەی ئەو زیاتر پێی بناسرێت.
گوتیشی، جیاوازی ئەم کارە میکسکردنی گۆرانییەکەیە بە شێوازی ئافرۆبیت کە شێوازێکی میوزیکی ئەفریقاییە و بەم شێوازە کاریان لەسەر ئەم بەرهەمە کردووە، هیوای ئەوەشی خواست بە دڵی هەوادارانیان بێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، کاری داهاتووی گوتنەوەی بەرهەمێکی دەنگبێژی دەبێت، دواتریش کار بۆ بەرهەمێکی تایبەت بە خۆی دەکات.
ئەو گۆرانیبێژە دەنگخۆشە کەمتر لە ڤیدیۆکانیدا بە تەنیا دەردەکەوێت، زیاتر لەگەڵ هاوڕێی دیار دلفی دەردەکەوێت و پێکەوە گۆرانی دەڵێن، گۆرانییەکی هومایون شەجەریانیان بە دوێت گوتەوە و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی هەبوو.
رێڤین ئاراس، لە 31ـی ئابی 2023 لە کۆنسێرتی ماڵی میوزیکی زەهاوی لە هەڵەبجە بەشداربوو کە بۆ گرووپێکی میوزیکی پاکستانی سازکرا.
رێڤین ئاراس لەگەڵ هونەرمەند فەرمان هەورامی، بەرهەمێکی دوێتی بەناوی "نازەنین" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ