حەمید هیراد: بەهێزتر لە جاران دەگەڕێمەوە

14-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن حەمید هیراد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤیدیۆیی حەمید هیراد، گۆرانیبێژی ناسراوی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، تێیدا لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە خەریکی ژەنینی ئامێری تەمبوورە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەو هونەرمەندە ماوەیەکە بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت.
 
هیراد ڤیدیۆیەکەی لە ستۆری هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە، نیشانی دەدات کە سەرەڕای ناجێگیریی باری تەندروستیی، دەستبەرداری هونەرەکەی نەبووە.
 
هیراد لەسەر وێنەکە بە زمانی فارسی نووسیویەتی: "بەڵێن دەدەم زیاتر لەبارەی خۆم و دۆخی تەندروستیمەوە ئاگادارتان بکەمەوە. تاک بە تاکی هەناسەکان و نزاکانتان ژیانم پێ دەبەخشن". هەروەها دەڵێت: "بەهێزتر لە جاران دەگەڕێمەوە".
 
لە ڤیدیۆکەدا، کە لەلایەن هەوادارانییەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکراوەتەوە، حەمید هیراد بە رووخسارێکی ماندووەوە دەردەکەوێت، بەڵام بە هەستێکی هونەرییانەوە، ئاوازێکی خەمگین بە تەمبوور دەژەنێت. 
 
حەمید هیراد لە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەر و چاکبوونەوەدایە لە نەخۆشیی شێرپەنجە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان خەوێندراوە.
 
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە پەیامی هاوسۆزی و پشتگیری بۆ ئەو هونەرمەندە. 
 
حەمید هیراد لەنێو کورددا هەوادارێکی زۆری هەیە. پێشتر کۆنسێرتی لە سلێمانی و هەولێر سازکردووە و پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە.
 
هیراد یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی بە ناوی "وتم بمێنەوە" بە زمانی کوردیش گوتووەتەوە و لە کلیپەکەیدا بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت.
 
ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی حەمید حوسێن زادەیە و گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری ئێرانییە، یەکەم بەرهەمی لە 2015 بەناوی "بی ‌تاب" بڵاوکردەوە و خاوەنی چەند ڤیدیۆکلیپێکە.
 
لە 2023، رایگەیاند، لە 2016ـەوە ململانێی شێرپەنجە دەکات و هۆکاری تووشبوونیشی بەو نەخۆشییە "بۆماوەییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە