'Civil War' فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوورە

15-04-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Civil War'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"Civil War" فیلمێکی نوێی سینەماییە، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا بووە فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوور و ژمارەیەکی پێوانەیی لە 2024ـدا تۆمارکرد.
 
داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا لە سێ هەزار و 838 سینەما و لە ماوەی سێ رۆژدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 25.7 ملیۆن دۆلارە، پێشبینی دەکرا داهاتی یەکەم هەفتەیە لە نێوان 15 بۆ 24 ملیۆن دۆلار بێت.
 
ئەم داهاتە بە زۆرترین داهاتی یەکەم هەفتە بۆ فیلمێک لە 2024 هەژمار دەکرێت کە لە جۆری فیلمەکانی "R"ـە، لەهەمانکاتتدا یەکەمجارە کۆمپانیای "A24" بەرهەمهێنەری فیلمەکە، فیلمێکی لەم جۆرەی، ئەو داهاتە لە یەکەم هەفتەیدا بەدەستبێنێت کە پێشتر فیلمی "Everything Everywhere All At Once" و "The Iron Claw"ـی بەرهەمهێناوە.
 
لە سینەمادا "R" هێمایەکە بۆ ئەو فیلمانەی کە ناوەڕۆک، مژاری و چالاکی سێکسیان تێدایە، یان زمانێکی گفتوگۆی زۆر ناشرین لەخۆدەگرێت، یان توندوتیژی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری تێدایە، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 17 ساڵیدا، پێویستە دایک و باوک یا کەسێکی گەورەتر لەخۆیان لەگەڵدا بێت.
 
"Civil War" باس لە سێ رۆژنامەڤان دەکات کە رووماڵی ململانێیەکی وێرانکەرن لە ئەمریکا دەکەن و دەیانەوێت بەرەو واشنتن بچن، لەدوای ئەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا و تیکساس یەکدەگرن و لە دەژی سەرۆکی ئەمریکا دەوەستنەوە کە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی سێیەم درێژبکاتەوە.
 
"Civil War" یەکەم فیلمی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر کە بە بودجەیەکی زۆر بەرهەمدێت، ئەویش 50 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لەو بودجەیەی لە ریکلامکردن بۆ فیلمەکە خەرجی کردووە.
 
تەنیا داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی 400 شاشەی سینەمای ئایماکس 4.2 ملیۆن دۆلارە کە 16.5ـی داهاتی گشتی فیلمەکەیە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە توانی، ریزبەندی یەکەم بە فیلمی پڕداهاتی دوو هەفتەی رابردوو چۆڵ بکات، ئەویش فیلمی "Godzilla x Kong: The New Empire"یە و داهاتی ئەم هەفتەیەی 15.5 ملیۆن دۆلارە و لە ریزبەندی دووەمدا هات، کۆی داهاتی لە ماوەی سێ هەفتەدا 158 ملیۆن دۆلارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە