'A Guilty Conscience' لە پڕداهاتترینەوە بۆ باشترین فیلمی هۆنگ کۆنگ

15-04-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

42مین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو و فیلمی "A Guilty Conscience" کە فیلمی پڕداهاتی 2023 بوو لە هۆنگ کۆنگ، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی لە رێوڕەسمەکەدا بباتەوە.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی جاک ئێنگە و ئەکتەری سەرەکیی دایۆ وۆنگە، ئەویش رۆڵی پارێزەرێکە کە هەوڵدەدات خۆی لە هەڵەکانی پاکبکاتەوە، لەدوای ئەوەی ژنێکی بێتاوان دەخاتە زیندان.
 
وۆنگ، لەبارەی خەڵاتکردنی فیلمەکەی رایگەیاند: "دەکرێت فیلمێکی جەماوەری ببێتە فیلمێکی باشیش؟ بەڕاستی ئەمە بۆ من گرنگە. بۆیە بۆمان دەرکەوت، ئەو فیلمەی ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات، دەکرێت فیلمێکی باشیش بێت".
 
جێنیفەر یو کە لە فیلمی "In Broad Daylight" رۆڵی رۆژنامەڤانێکی نهێنی دەگێڕێت، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بردەوە.
 
سۆی چیانچ، لە رێگەی فیلمی تاوان "Mad Fate"، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە.
 
لە خولی ئەمساڵی رێوڕەسمەکەدا کە شەوی رابردوو 14ـی نیسانی 2024 لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو، 18 فیلم لە هۆنگ کۆنگ و پێنج فیلم بە زمانی چینی لە پێشبڕکێدا بوون، بۆ بەدەستهێنانی 19 خەڵات، پشکی شێر بەر فیلمی "The Goldfinger" کەوت بە بردنەوەی شەش خەڵات، لەوانەش خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین وێنەگرتنی سینەمایی و باشترین مۆنتاژ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە