رووداو دیجیتاڵ
زنجیرە فیلمی "Harry Potter" بووەتە بیرەوەری بۆ بەشێکی زۆر لە بینەران و ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە، ئێستا کار لەسەر چیرۆکەکەی دەکرێت بۆ ئەوەی وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی بەرهەمبێت.
تۆڕی ئێج بی ئۆ بە فەرمی دەستپێکردنی کاری بەرهەمهێنانی زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکەی راگەیاند، یەکەم وێنەی دۆمێنێک مێکلاکڵین بڵاوکردەوە کە رۆڵی هاری پۆتەر لە زنجێرەکەدا دەگیرێت. وێنەکە لە ستۆدیۆکانی وارنەر برازەرز لە بەریتانیا گیراوە.
مارک مایلۆد، کە پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ زنجیرەی بەناوبانگی "Succession" کردووە، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری زنجیرەکە دەبێت.
بەڵێن دراوە زنجیرەکە دڵسۆزانە و نزیک بێت لە زنجیرە کتێبە بەناوبانگەکەی جەی کەی رۆڵینگ، کە ئەو خانمە نووسەرە خۆیشی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار لە پڕۆژەکەدا بەشدارە.
دۆمێنێک مێکلاکڵین ئەزموونی پێشووتری لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن هەیە، بڕیارە لە داهاتوودا لە فیلمێکی کۆمیدیی خێزانیی بەریتانی بە ناوی "Grow" دەربکەوێت.

بڕیارە زنجیرەی "Harry Potter" لە 2027 لە هەردوو پلاتفۆرمی (ئێج بی ئۆ) و (ئێج بی ئۆ ماکس) بڵاوبکرێتەوە.
زنجیرەی فیلمی "Harry Potter" لە هەشت بەشدا بەرهەمهاتووە، یەکەم بەشی لە 2001 و دوایین بەشی لە 2011 بوو. دانیال رادکلێف، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی هاری پۆتەر لە زنجیرە فیلمەکەدا گێڕاوە.

بەرهەمەکە بە یەکێک لە زنجیرە فیلمە سەرکەتووەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا هەژمار دەکرێت، کۆی داهاتی هەشت بەشی لە سینەماکانی جیهاندا 7.7 ملیار دۆلارە.

چیرۆکەی بەرهەمەکە لەلایەن جەی کەی رۆڵینگ، خانمە نووسەری بەریتانی نووسراوە و بە یەکێک لە زنجیرە رۆمانە پڕفرۆشەکان لە جیهاندا دەناسرێت. وەک یاریی ڤیدیۆیی و شانۆ و بەرهەمهێنەراوە، هەروەها لە ئەمریکا پارکێکی بەناوی ئەو بەرهەمەوە کراوە.

چیرۆکی زنجیرە رۆمانەکە باس لە ژیانی کوڕێکی بێ دایک و باوک بە ناوی هاری پۆتەر دەکات، لە یادی 11 ساڵەی لەدایکبوونیدا بۆی دەردەکەوێت کە جادووگەرە و بانگهێشتی قوتابخانەیەکی جادوویی دەکرێت.
چیرۆکەکە لەبارەی گەورەبوون و سەرکێشییەکانی هاری و هاوڕێکانیەتی، هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی تاریکترین و بەهێزترین جادووگەری مێژوو دەدەن.

دوای تەواوبوونی زنجیرە فیلمەکە، کۆمپانیای وارنەر برازەرز، زنجیرە فیلمێکی لاوەکیی لەبارەی ئەو چیرۆکە بەناوی "Fantastic Beasts" بەرهەمهێنا، چیرۆکی قۆناخی پێش سەردەمی هاری پۆتەر دەگێڕێتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ