نووری بیلگە جەیلان دەبێتە سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی قاهیرە

15-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن نووری بیلگە جەیلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە رایگەیاند، نووری بیلگە جەیلان، دەرهێنەری ناسراوی تورک، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی لە 46ـەمین خولی فێستیڤاڵەکەدا دەستنیشان کراوە. بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە 12 تا 21ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
 
جەیلان بە یەکێک لە دیارترین دەرهێنەرە هاوچەرخەکانی سینەمای جیهان دادەنرێت. کارەکانی بە قووڵایی مرۆیی و فەلسەفی و زمانی بینراوی ناوازە ناسراون. 
 
فیلمی (خەوی زستانە - Winter Sleep)ـی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی لە فێستیڤاڵی کان بەدەستهێناوە، هەروەها فیلمەکانی (دوور - Distant) و (رۆژێک لە رۆژان لە ئەنادۆڵ - Once Upon a Time in Anatolia) لە خولەکانی دیکەی هەمان فێستیڤاڵدا خەڵاتی گەورەیان گراند پرێکسی بردووەتەوە. 
 
جگە لەوەش، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی (سێ مەیموونەکە - Three Monkeys) پێ بەخشراوە. بەپێی بەیاننامەی فێستیڤاڵەکە، فیلمەکانی جەیلان وەک وێستگەیەکی گرنگی سینەمای جیهان دادەنرێن، بەهۆی ئەو پرسیارە بوونگەرایی و دیدگە جوانناسییە تایبەتانەی کە هەڵیانگرتووە.
 
حوسێن فەهمی، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "سینەماکەی نووری بیلگە جەیلان پێوەرێکە بۆ هونەری باڵای سینەمایی. هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەران رەنگدانەوەی پابەندبوونی فێستیڤاڵەکەیە بە رێزگرتن لە دەنگە بوێرەکانی سینەما و دیدگە داهێنەرانەکان، هەروەها پێگەی قاهیرە وەک پردێکی جیهانی بۆ کۆکردنەوەی گرنگترین داهێنەران بەهێزتر دەکات".
 
محەممەد تاریق، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند: "فیلمەکانی جەیلان بە قووڵی دەچنە نێو پرسیارەکانی شوێن، کات و کارەکتەرەوە، ئەمەش ئەو بەهایانەن کە پرۆگرامی هونەریی ئەم خولە لەسەری دامەزراوە. ئاشقانی سینەما لە قاهیرە ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی ئەون و خۆشحاڵین کە لە کۆتاییدا پێشوازی لێدەکەین بۆ سەرۆکایەتیکردنی لیژنەی دادوەرانی نێودەوڵەتی. ئامادەبوونی دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورەی ئیلهام بۆ فیلمسازان و بینەرانی سینەما لە میسر".
 
ئەم راگەیاندنە لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی تایبەتدا دێت لەنێوان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی تەلەفزیۆن و سینەما (TESİYAP)، دامەزراوەی سینەما و کولتووری بینراو و بیستراوی تورکیا (TÜRSAK) و باڵیۆزخانەی تورکیا لە قاهیرە. ئەم هاوبەشییە نمایشکردنی چەند فیلمێکی تورکی، پێشوازیکردن لە شاندێکی 15 کەسی لە پیشەسازیی سینەمای تورکیا، هەروەها بەشدارییەکی بەرفراوانی تورکیا لە بازاڕی فیلمی قاهیرەدا لەخۆدەگرێت.
 
نووری بیلگە جەیلان، لە 2021 میوانی پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو و ماستەر کڵاسێکی پێشکشکرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمۆسی شالامێ و کایلی جێنەر، لۆس ئەنجلس. وێنە؛ AFP

تیمۆسی شالامێ و کایلی جێنەر بە جلی پڕتەقاڵییەوە بوونەتە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لە میانی رێوڕيسمی نمایشکردنی فیلمی نوێی (Marty Supreme) لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، دەرکەوتنی تیمۆسی شالامێ و کایلی جێنەر نەک تەنیا بەهۆی رەنگی جلەکانیانەوە، بەڵکو بەهۆی نمایشکردنی خۆشەویستییەکەیانەوە بووەتە مژاری گەرمی میدیا جیهانییەکان و کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە جیابوونەوەیان دەکرد.