رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی فەرمانگەی کولتوور و هونەری شاری سەوڵاوای رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەمین فێستیڤاڵی سیاچەمانە بەڕێوەچوو. عوسمان هەورامی، سیاچەمانەبێژی ناسراوی کورد، یەکێک لە بەشداربووان بوو.
لە دیدارەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە ئامادەی بوون، 11 لە سیاچەمانەبێژە ناسراو بەشداربوون، لەوانە: عوسمان هەورامی، عەلی گوڵپی، عەتا زەڵمی و ئێبراهیم سەروەر.
سیاچەمانە جۆرێکە لە گۆرانی کوردی کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و تایبەتە بە ناوچەی هەورامان، وەک هۆرە بەبێ ئامێری میوزیک دەگوترێتەوە.
مژاری سەرەکیی هۆنراوەکانی ئەم جۆرە گۆرانییە؛ زۆربەیان دڵداری، عیرفانی و نیشتمانپەروەرین.
ئیبراهیم مەیکەعەلی، نووسەر لە ناوچەی هەورامان، لەبارەی فێستیڤاڵەکە گوتی: "مرۆڤی گەورەی وەک مامۆستا عوسمان، مامۆستا حسێن، مامۆستا شەفیع، ئەرکیان کێشاوە، ئەمەش بۆ خزمەتی هەورامان و کوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش سیاچەمانە، بەڕاستی ئەگەر باسی بکەیت، تا هەتایە دیارە".
فێستیڤاڵەکە لەلایەن ئەنجومەنی رۆژیار و رێکخراو و چالاکڤانانی کولتووریی هەورامانەوە رێکخرابوو. ئامانج لە بەڕێوەبردنی پەرەپێدان بە هونەری گۆرانی سیاچەمانە، پاراستنی وەک کولتوورێکی زیندووی کوردەواری، ئاشناکردنی نەوەی نوێ لەگەڵ سیاچەمانە و رەخساندنی هەل بۆ سیاچەمانەبێژە گەنجەکان و هەڵسەنگاندنیان.
فەرید عەباسی، هونەرمەندی هەورامان، لەبارەی هونەری سیاچامانە بۆ رووداو گوتی: "سیاچەمانە خزمەتێکی دێرینەی هەیە، دەتوانی بڵێی بۆ سەردەمی باب و باپیرانمان دەگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهای ئەوەی کە ئەمڕۆ فەزای مەجازی و میوزیکی رۆژئاوایی کاریگەری هەبووە. ئێمە دەتوانین دەستی ئەو کەسانە ماچ بکەین کە لەم بوارانەدا کار ئەکەن. من خۆم وەک چالاکێکی فەرهەنگی، بەردەوام دەستی ئەو کەسانەی کە لە بواری شمشاڵ، سیاچەمانە، گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کار دەکەن، بەردەوام دەستیان ماچ دەکەم".
لە فێستیڤاڵەکەدا لە سێ بەشی جیاواز و بەپێی تەمەن؛ بەرهەمەکان پێشکێشکران، یەکێک لە بەشداربووان ئاماژەی بەوەدا، کە سیاچەمانە خزمەتێکی دێرینەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باوباپیران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زاڵبوونی میوزیکی رۆژئاوایی، ئەم هونەرە رووی لە کزی کردووە.
جەلال راوەند، چالاکڤانی کولتووری لە مەریوان، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "خۆشبەختانە دیدارێکی پڕ و واڵا بوو و خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون، نزیکەی 11 کەس ئامادەن، دیارترینیان مامۆستا عوسمان هەورامی و مامۆستا عەلی گوڵپی، مامۆستا عەتا زەڵمی و ئیبراهیم سەروەر".
رێکخەرانی فێستیڤاڵی سیاچەمانەی سەوڵاوا رایانگەیاند، کە ئەم فیستیڤاڵە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت تا بە شێوەیەکی رێکخراوتر بەڕێوەبچێت.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، رێز لە چەندین هونەرمەندی سیاچەمانەبێژ و کەسایەتیی هونەری و کولتووریی ناوچەی هەورامان گیرا و خەڵات کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ