رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەکتەرانی سینەمای ئەمریکا (SAG-AFTRA) رایگەیاند، ناوی خەڵاتە بەناوبانگەکەیان کە بە خەڵاتی ئەکتەرانی شاشە (SAG) ناسراوە، بۆ خەڵاتەکانی ئەکتەر (The Actor Awards) دەگۆڕدرێت. گۆڕانکارییەکە لە 32یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتە لە 1ـی ئاداری 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جۆن برۆکێت، شۆڕەنەر و بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری رێوڕسمەکە، و جۆبێس ویلیامز، ئەکتەر و سەرۆکی لیژنەی خەڵاتەکە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەواڵەکەیان راگەیاند و بە "هەنگاوێکی نایاب لە پەرەسەندنی رێوڕەسمەکەدا" ناساندیان.
لەبارەی هۆکاری گۆڕانکارییەکە، لیژنەکە روونیکردووەتەوە: "لە سەرەتای دەستپێکردنی نمایشەکەوە لە 30 ساڵ لەمەوبەر، پەیکەری خەڵاتەکە بەناوی ئەکتەر بووە، بۆیە گۆڕینی ناوی بۆ ئەوەی لەگەڵ خودی خەڵاتەکەدا بگونجێت، هەنگاوێکی لۆژیکی بوو".
ئاماژەیان بەوەش کردووە، دەیانەوێت "ناساندنێکی روونتر" بۆ بینەرانی نێوخۆیی و جیهانی دابین بکەن کە ناوەڕۆکی ئاھەنگەکە بریتییە لە "رێزلێنان لە ئەکتەرانی فیلم و تەلەڤیزیۆن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بنەمای سەرەکیی خەڵاتەکان کە "ئەکتەران رێز لە ئەکتەران دەگرن" وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە پرۆسەی دەنگدان، پێشکێشکردنی بەرهەمەکان و شایستەییدا روونادات. لیژنەکە جەختیشی کردووەتەوە کە "میرات و شکۆمەندیی خەڵاتەکە" وەک خۆی دەمێنێتەوە.
گۆڕینی ناوەکە لە کاتێکدایە کە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ساگ، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەمریکا پەخش دەکرا، لە 30یەمین خولی بۆ پلاتفۆرمی نێتفلیکس گواسترایەوە. ئەمەش وایکردووە بینەرێکی جیهانیی بەرفراوانتری هەبێت. لەکاتێکدا کورتکراوەی (SAG) لەنێو هۆڵیووددا ناسراوە، بەڵام بۆ بینەری جیهانی مانایەکی روونی نەبوو، بۆیە گۆڕینی ناوەکە بەشێکە لە ستراتیژیی نوێی رێکخەران بۆ ئەوەی نمایشەکە بۆ بینەری جیهانی ئاشناتر و سەرنجڕاکێشتر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ