رووداو دیجیتاڵ
ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری ئێرانی و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار، بە فیلمی سینەمایی 'پاڵەوان' لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بیانییەکانی پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی نیودەوڵەتیی سلێمانی بەشدارە.
چیرۆکی ئەم بەرهەمە سینەماییە باس لە کارەکتەرێک بەناوی رەحیم دەکات کە بههۆی ئهوهی قهرزێكی زۆری لەسەرە، له زینداندایه، دهیهوێت بۆ ماوهی دوو رۆژ خاوهن قهرزهكهی رازی بكات بهوهی سكاڵاكهی له دژی رهحیم بكێشتهوه كه بۆ وهرگرتنهوهی بهشێك له قهرزهكه كردبووی، بهڵام شتهكان به پێی ئهوهی كه پلانی بۆ دانراوه بهڕێوه ناچێت.
ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری ئێرانی و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە، بە فیلمی سینەمایی 'پاڵەوان' لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە سینەماییە بیانییەکان لە فیستیڤاڵدا بەشدارە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 22-12-2021 لە ئاستی سینەما لە سلێمانی نمایشدەکرێت و نمایشەکە بێ بەرامبەرە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیۆن و 809 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
چالاکییەکانی پێنجەیم فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لە 17 تاوەکو 23 ئەم مانگە لە تەلاری هونەری و ستی سینەما لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تێیدا 143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشدارن و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری فیستیڤاڵەکەیە.
لە فیلمە بەشداربووەکان، 57 فیلمی کوردی هەن، هەروەها 21 فیلمی سینەمایی هەیە و ئەو فیلمانەی بە زمانی ئینگلیزی ژێرنووسی کوردییان بۆ کراوە، فیلمە بیانییەکانی بە زمانی دیکەن، وەک فارسی و فەرەنسی، ژێرنووسی کوردی و ئینگلیزییان بۆ کراوە.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیستیڤاڵەکە و لە چوار خولی رابردووشدا سپۆنسەر بووە.
ئەسغەر فەرھادی، لە 1972 لە ئەسفەهان لە ئێران لە دایکبووە، دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری فیلمە، ناوبانگییەکی جیهانی هەیە و براوەی چەندین خەڵاتی جیهانیی، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب، لە 2012 لەلایەن گۆڤاری 'تایم' وەکو یەکێک لە کاریگەرترین سەت کەسایەتی ساڵ دیاریکرا.
لە فیلمە بەناوبانگەکانی 'جیابوونەوەی نادر لە سیمین' کە بەرھەمی 2011یە و پێنجەم بەرھەمی ئەو دەرهێنەرەیە، باس لە دوو هاوژین دەکات کە لە جیابوونەوە نزیکبوونەتەوە و منداڵێکیان ھەیە و جیابوونەوەیان کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە لە بەشی فیلمە بیانییەکان و بۆ جاری یەکەم بوو فیلمێکی ئێرانی ئۆسکار بەدەستبێنێت، جگە لەو خەڵاتە براوەی 77 خەڵاتی دیکەی جیهانییە.
فیلمی 'رابردوو' بەرھەمی 2013ـی فەرھادییە و بە زمانی فەرەنسییە و لە پاریس وێنەگیراوە، تێیدا باس لە ژنێک دەکات کە بۆ جاری سێیەم بەنیازی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە لەگەڵ پیاوێک کە ئەو هاوژینەکەی ھەوڵی خۆکوشتنی داوە.
ئەم بەرهەمە چەندین خەڵاتی جیهانی وەرگرتووە، لەوانە دوو خەڵات لە فیستیڤاڵ نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا.
'فرۆشیار' فیلمێکی دیکەی بەهێزی فەرهادییە کە لە 2016 بڵاوکرایەوە و باس لە دوو نمایشکاری شانۆیی دەکات.
ئەم بەرهەمە توانی دوو خەڵات لە فیستیڤاڵ نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەدەستبێنیت، هەروەها بەربژێری خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی بیانی بوو و توانی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین فیلمی بیانی بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ