نامە و کەلوپەلە تایبەتەکانی پاتی بۆید دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە

16-03-2024
پەسار فایەق
پاتی بۆید لە بەشێک لە جلوبەرگەکانی، وێنە: AFP
پاتی بۆید لە بەشێک لە جلوبەرگەکانی، وێنە: AFP
نیشانەکردن پاتی بۆید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خانەی کریستیز لە لەندەنی بەریتانیا، نامە و کەلوپەلە تایبەتەکانی پاتی بۆید، نمایشکاری جلوبەرگی بەریتانی، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ فرۆشتن دەخاتەڕوو.
 
پاتی بۆید، پێشتر لەگەڵ هەردوو هونەرمەندانی بەریتانی ئێرێک کلاپتن و جۆرج هاریسن ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، نامەکانیان لەگەڵ ئەو نمایشکارە دەخرێنەڕوو.
 
هاریسن، گۆرانی "Something"ـی بۆ پاتی بۆید ئامادکردبوو کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی گرووپی "Fab Four" دەناسرێت، پاتی بۆید، توانی سەرنجی ئێرێک کلاپت رابکێشێت و بەهۆیەوە گۆرانی "Layla" بۆ ئامادەکرد، دوای ئەوەی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ پێکهێنا، گۆرانییەکی دیکەی بەناوی "Wonderful Tonight" لەبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
لە نێو نامەکاندا، دوو نامەی ئێرێک کلاپتن و پاتی بۆید هەن، ئەوکاتەی پاتی هێشتا هاوژینی جۆرج هاریسن بوو. 
 
هەروەها رووبەرگی رەسەنی ئەلبوومی "Layla and Other Assorted Love Songs"ـی کلاپت کە لە 1970 بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت بە بڕی 40 بۆ 60 هەزار پاوەند بفرۆشرێت کە دەکاتە (51 بۆ 76 هەزار دۆلار).
 
زیادکردنە ئاشکراکە، سەت وێنە لەخۆدەگرێت کە لەلایەن بۆید وێنەگیراون و ئەزموونی ئەو نمایشکارە لە هونەری فۆتۆگرافیدا دخاتەڕوو.
 
پاتی بۆید (79 ساڵ) رایگەیاند، ئەو دڵخۆشە بە دەستبەردان لەو شتانەی کە بۆ ساڵانێکی زۆر بەلایەوە گرنگ بوون و خۆشی دەویستن، ئەو کەرستانە، ساتی تایبەتن لە ژیانی ئەودا، بەڵام لەو بڕوایەدایە کە کاتی ئەوە هاتووە ئەو کەلوپەلانە لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی پێبکات.
 
کەلوپەلەکان لە 8ـی ئاداری 2024ـەوە بەشێوەیەکی ئۆنلاین بۆ فرۆشتن خراونەتەڕوو و تاوەکو 22 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، هەروەها لە 15 تاوەکو 21 ئازار لە خانەی کریستیز لە لەندەنی بەریتانیا زیادکردنی ئاشکرای بۆ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە