سەرپەرشتیاری بەکارهێنانی چەک لە فیلمێکدا 18 مانگ زیندانی دەکرێت

16-04-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو ساڵە دۆسیەی کوشتنی نا مەبەستداری بەرپرسی وێنەگرتن و بریندارکردنی دەرهێنەری فیلمی "Rust" لە دادگە یەکلا نەبووەوە، دوای چەندین دانیشتن، ئەمجارە دەستەی دادوەری لە دادگەی شاری سانتا فی لە نیو مەکسیکۆی ئەمریکا، بڕیاری خۆی لەمبارەیەوە دا.
 
بەپیی بڕیاری دادگە کە رۆژی دووشەممە 16ـی نیسانی 2024 درا، هانا گوتیرێز رید، سەرپەرشتیاری بەکارهێنانی چەک لە فیلمە سینەمییەکاندا، بڕیارەی 18 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، تۆمەتەکەش کوشتنی نا مەبەستدارە، هۆکارەکەشی جێبەجێنەکردنی پرۆتۆکۆلی سەلامەتی بەکارهێنانی چەک بووە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمدا. 
 
ئالێک باڵدوێن، ئەکتەری ئەمریکی لە 2021 لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکەدا لە نیو مەکسیکۆ، بە نا مەبەست چەکێکی بەکارهێنا گوایە گوللـەی تێدا نییە، بەڵام لە کاتی راهێناندا، کوللـەی تێدا بووە و گولـلــە بەر وێنەگری فیلمەکە کەوت و گیانی لەدەستدا.
 
پێشتر دەستەی دادوەری دادگە لە نیویۆرک، باڵدوێن بە کوشتنی نا مەبەست تۆمەتبار کربوو و بڕیارە مانگی تەممووزی ئەمساڵ ئەو ئەکتەرە دادگایی بکرێت.
 
داواکارانی گشتی دۆسییەکەیان خستبووە بەردەم دەستەی دادوەری، دوای چەند مانگێک لە وەرگرتنی شیکارییەکی نوێ لەسەر ئەو چەکەی کە بەکارهێنراوە، لە بەرامبەردا پارێزەرانی باڵدوێن، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەوان بەرگری لە باڵدوێن دەکەن و رووبەڕووی ئەو تۆمەتەپێکردنە دەبنەوە.
 
باڵدوێن، ئەکتەری سەرەکی و هاوکارێکی بەرهەمهێنەری فیلمی "Rust" بوو، لەکاتی پرۆڤەکردنی فیلمێکدا لە تشرینی یەکەمی 2021، چەکێکی ئاراستەی هالینا هاچینز، وێنەگری سینەمایی کرد و گولـلــەیەکی بەرکەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و جۆیل سۆزا، دەرهێنەری فیلمەکە برینداربوو.
 
ئەم تۆمەتە باڵدوێنی خستووەتە کێشەی یاساییەوە و ئەگەری زیندانیکردنی بۆی دروستکردووە کە نزیکەی 40 ساڵە پێگەیەکی گرنگی لە بەرهەمە تەلەفزیۆنی و سینەماییەکاندا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە