رووداو دیجیتاڵ
بە نمایشەکانی مێسی لەسەر فەرشی سوور، 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستیپێکرد، ئەو سەگە لە بەردەم کامێرای میدیاکان دەوەستا و جوڵەی دەکرد و وێنەی دەگیرا.
مێسی، سەگێکی فەرەنسییە وەک ئەکتەر دەردەکەوێت، بەهۆی رۆڵبینین لە فیلمی "Anatomyu of a fall" ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە.
ئەو خولەی فێستیڤاڵی کان بە سەرنج خستەسەر هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە نێو پیشەسازی سینەمادا، دەستیپێکرد و ئەو بزووتنەوەیە ناونراوە "می توو".
چەندین ئەستێرە بەسەر فەرشی سووری یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵەکە تێپەڕین، لە هەمووان زیاتر چاوەکان لەسەر مێریل ستریپ بوو، ئەو خانمە ئەکتەرەی هۆلیوود کە ژمارەی پێوانەیی لە بەربژێر بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکار هەیە، کە 21 جارە.
جگە لە فەرشی سوور لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بۆ ماوەی کاژێرێک وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان درایەوە، گرێتا گێرویگی، دەرهێنەری فیلمی "باربی" و سەرۆکی لیژنەی دادوەری ئەم خولەی فێستیڤاڵە، بەهۆی ئەوەی دووەم ژنە لە مێژووی کان سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری بێت دەکات، رووداو پرسیاری ئاڕاستە کرد.
گرێتا گێرویگ، لەبارەی بەشداری ژنان لە فیلمدا بۆ رووداو گوتی: "15 ساڵ پێش ئێستا نەمدەتوانی بیر لە ژمارەی ئەو فیلمانە بکەمەوە کە ژنان نوێنەرایەتی دەکەن، نەک تەنیا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیش، بەهیوام بەشداری ژنان بەردوام بێت".
فیلمی دەستپێکی ئەم خولەی کان فیلمی کۆمیدی فەرەنسی "سێکند ئاکت"ـە کە بە ژیریی دەستکرد بەرهەمهێنراوە و لەلایەن کوێنتین دوپیۆس کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
شاری کان ساڵانە بەهۆی فێستیڤاڵەکەوە جمەی دێت لە خەڵک، بۆ ئەمساڵ 35 هەزار کەس لە هەموو وڵاتانەوە میوانی ئەو شارەن. جاکی لە دانیمارک و ئامیش لە تایوانەوە بۆ بینینی ئەستێرەکان و بینینی کەش و هەوای فێستیڤاڵی کان هاتبوون.
جاکی هوانگ، بۆ رووداو گوتی: "ئەوەی منی بۆ ئێرە هێنا کانە کە فێستیڤاڵێکی زۆر جوانە بۆ ئەو گەنجانەی هەواداری فیلمن، ئێمەش لێرە یەکمان ناسی، دەرفەتێکی زۆر ناوازەیە تا گەنجان بێن و بەشداری ئەم هەموو شادییە بکەن".
ئامی وانگ، یەکێکی دیکە بووە لە ئامادەبووانی فێتسیڤاڵەکە و بۆ رووداو گوتی: "ئەوە دووەم جارمە، جاری یەکەم لێرە بووم کە قوتابی بووم و لێرە دەمخوێند، لە 2019، زۆر حەزم لێرەیە و ئەزموونی رابردوو بۆ من زۆر خۆشبوو، بۆیە دووبارە هاتمەوە".
کچ و کوڕێکیش کە خۆشەویستی یەکدین لە باکووری فەرەنساوە 900 کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ باشوور بۆ بەشداریکردن لە کان.
باور زامباو ماتیس، لەبارەی ئامادەبوونی لە فێستیڤاڵەکە بۆ رووداو گوتی: "ئێمە خوێندکاری ئامادەیینە، نەچووین بۆ قوتابخانە و هاتین بۆ ئێرە، ئەمە بۆنەیەکی زۆر جیاواز و خۆشە".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 14 ئایار دەستیپێکرد و تاوەکو 25 مانگ بەردەوام دەبێت، نزیکەی 150 فیلم لەو ماوەیەدا نمایش دەکرێن کە 22یان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکین بۆ وەرگرتنی خەڵاتی چڵە خورمای کان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ