تریستان رۆجەرز لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

16-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تریستان رۆجەرز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تریستان رۆجەرز، ئەو ئەکتەرەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ رۆڵی لە زنجیرە درامای ئەمریکی "General Hospital" گێڕاوە، رۆژی هەینی، لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. مردنی رۆجەرز کەمتر لە مانگێک دوای دەرکەوتنێکی تایبەتی دێت لە هەمان درامادا.
 
فڕانک ڤالێنتینی، بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری دراماکە، لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی: "هەموو خێزانی "General Hospital" دڵگرانن بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی تریستان رۆجەرز. تریستان بۆ ماوەی 45 ساڵ بینەرانی ئێمەی سەرسام کردووە".
 
رۆجەرز لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا لەدایکبووە. سەرەتای کاری هونەریی لە تەمەنی بیستەکانیدا بە لێدانی دڕەمس لە تیپێکی میوزیکی رۆکدا دەستیپێکرد. دوای ئەوەی تیپەکە سەرکەوتوو نەبوو، رووی لە کاری ریکلام و نمایشکاری کرد. دواتر بڕیاریدا ئەکتەری تاقیبکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستە رووی لە لۆس ئەنجلس کرد.  سەرەتا بەهۆی شێوەزاری ئینگلیزییەکەیەوە کێشەی بۆ دروست بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە 1980 رۆڵێکی دوو رۆژەی لە "General Hospital" وەرگرت.
 
رۆجەرز لە 2022 لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو: "ئەو کاتە هیچم نەدەزانی کە ئەم درامایە چەندە گەورەیە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو:"من ناوم نەبوو. بە تایبەتی بۆ ئەوە هێنرابووم کە لە پاڵەوانی زنجیرەکە، لوک، بدەم و دواتر ون ببم"، بەڵام گلۆریا مۆنتی، بەرهەمهێنەری ئەوکات، داوای لێکرد بمێنێتەوە. بۆ ماوەی سێ هەفتە کارەکتەرێکی دیاریکراوی نەبوو و تەنیا وەک کەسێکی "گوماناوی" لە دیمەنەکاندا دەردەکەوت، تاوەکو چیرۆکێکیان بۆ دانا. بڕیاردرا رۆڵی سیخوڕێک بە ناوی "CK8" ببینێت، دواتر ناوی رۆبێرت سکۆرپیۆی لێنرا. کارەکتەرەکە تا کۆتایی ژیانی رۆجەرز بەشێکی سەرەکیی چیرۆکی دراماکە بوو.
 
جگە لە "General Hospital"، رۆجەرز لە چەندین کاری دیکەدا بەشدار بووە، لەوانە "The Bold and the Beautiful" و "The Young & the Restless". هەروەها بۆ رۆڵی لە "Studio City" خەڵاتی ئێمی بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە