رووداو دیجیتاڵ
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، بانگهێشتێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی رێزلێنانی سەنتەری کێنێدی بۆ ساڵی 2025. بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەستێرەی زنجیرە فیلمی "Top Gun" بە بیانووی "یەک نەگرتنەوەی لەگەڵ خشتەی کارەکانی" ئەو دەرفەتەی رەتکردووەتەوە.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، لیستی 48ـەمین بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکە ئاشکرا کرد، تێیدا ناوی جۆرج سترەیت، ئەستێرەی میوزیکی کەنتری، سلیڤستەر ستالۆن، ئەکتەری هەردوو زنجیرە فیلمی "رۆکی" و "رامبۆ"، گلۆریا گەینەر، گۆرانیبێژ، گرووپی رۆکی "کیس" و مایکڵ کراوفۆرد، ئەکتەر و گۆرانیبێژ بەرچاو کەوتن.
ترەمپ لەبارەی هونەرمەندە بەربژێرکراوەکان دەڵێت، "خەڵکی مەزنن" و چەندین کەسی دڵخوازی خۆی لەنێویاندایە.
ترەمپ رایگەیاندبوو، خۆی راستەوخۆ میوانداریی رێوڕەسمەکە دەکات و بە گاڵتەوە گوتویەتی، بەردەوام ویستوویەتی خەڵاتێکی سەنتەری کێنێدی وەربگرێت، بەڵام "هەرگیز دەستی نەکەوتووە... گوتم، بە جەهەنەم، خۆم دەبمە سەرۆک و خەڵاتێک دەدەم بە خۆم. ساڵی داهاتوو رێز لە ترەمپ دەگرین، باشە؟".
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ بووەتە سەرۆکی نوێی سەنتەری کێنێدی و دەستبەجێ دەستەی ئەمیندارانی پێشووی دەرکرد و کەسانی نزیک لە خۆی لە شوێنیان دانا.
لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ خۆی لە بەشداریکردن لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی سەنتەری کێنێدی بەدوور دەگرت، چونکە چەندین هونەرمەند رایانگەیاندبوو وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی، ئامادەی رێوڕەسمەکە نابن؛ ئەگەر ئەو ئامادە بێت.
لیژنەیەکی راوێژکاریی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان بەرپرس بوون لە هەڵبژاردنی براوەکانی خەڵاتەکە.
ئاهەنگی خەڵاتەکانی سەنتەری کێنێدی رۆژی 7ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت.
خەڵاتەکانی سەنتەری کێنێدی لە 1978 راگەیێندرا و تاوەکو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، سەرۆکەکانی هەردوو حیزبی سەرەکیی ئەمریکا بە شێوەیەکی نەریتی ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبوون، تەنانەت ئەگەر لە رووی سیاسیشەوە لەگەڵ یەکێک لە هونەرمەندە خەڵاتکراوەکان ناکۆک بوونایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ