تۆد سنایدەر لە 59 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

16-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆد سنایدەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆد سنایدەر، گۆرانیبێژ و گۆرانینووسی میوزیکی ئەمەریکانا، کە بە ئاوێتەکردنی شێوازی فۆلک، کانتری، رۆک و بلوز ناسرابوو، لە تەمەنی 59 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
هەواڵی کۆچی دوایی سنایدەر لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک و ماڵپەڕەکەیدا لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە بڵاوکرایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم گۆرانیبێژە بەهۆی هەوکردنی سییەکان، لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، وەک لە پۆستێکی دیکەی فەیسبووکدا لەلایەن هاوڕێ و ماڵباتەکەیەوە ئاماژەی پێکرابوو.
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "پاڵەوانی فۆلکی ئێمە، شاعیری جیهان، جێگری سەرۆکی بەشی گۆڕانکارییە کتوپڕەکان، چیرۆکخوان، خۆشەویستەکەمان تۆد دانیال سنایدەر ئەم جیهانەی بەجێهێشت".
 
هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە کاریگەریی هونەرمەندانی وەک گای کلارک، جۆن پراین، کریس کریستۆفەرسۆن و جێری جێف واکەر کراوە لەسەر ژیانی هونەریی سنایدەر.
 
سنایدەر، لەدایکبووی 11ـی تشرینی یەکەمی 1966، لە ساڵانی نەوەتەکاندا رووی لە ناشڤیل کرد بۆ دەستپێکردنی ژیانی هونەری، لەلایەن کیت سایکسەوە دۆزرایەوە، دواتر بووە هۆی بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەلبوومی بە ناوی (Songs for the Daily Planet) لە ساڵی 1994. لە ماوەی کاروانە هونەرییەکەیدا، لە 2006 بەربژێری خەڵاتی هونەرمەندی ساڵ بوو لە ئەمریکا، لە 200/8 کۆمپانیای تۆمارکردنی تایبەت بە خۆی بە ناوی (Aimless Records) دامەزراند، لە 2021 ناوی خرایە نێو هۆڵی ناوبانگی میوزیکی کانتری.
 
رۆژی هەینی رابردوو، لە پۆستێکدا لە فەیسبووکەوە لەلایەن هاوڕێیان و ماڵباتی سنایدەرەوە، نوێترین زانیاری لەبارەی تەندروستییەوە بڵاوکرایەوە. لە پۆستەکەدا هاتبوو: "دوای ئەوەی تۆد هەفتەی رابردوو گەڕایەوە ماڵەوە بۆ پشوودان، تووشی کێشەی هەناسەدان بوو و لە نەخۆشخانەی هێندێرسۆنڤیل، تێنێسی خەوێندرا". 
 
سنایدەر سەرقاڵی گەشتی کۆنسێرتەکانی بوو بۆ نوێترین ئەلبوومی بەناوی (High, Lonesome and Then Some) کە لە 17ـی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر هەڵوەشایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە