رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، فێرگەی میوزیکی سەدەف هەنگاوێکی نوێی لە بواری پەرەپێدانی هونەری ژناندا ناوە، کار بۆ دامەزراندنی گرووپێکی تایبەت بە ژنانی کردووە، دامەزرێنەرانی ئامانجییانە ببێتە گەورەترین گرووپی میوزیکی ژنان لەسەر ئاستی کوردستان.
لەیلی محیەدین، مامۆستای ئاواز لە فێرگەی سەدەف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆشحاڵین بۆ یەکەمجار لە شاری بۆکان، لە فێرگەی سەدەف، توانیمان پۆلی ئاواز و میوزیکی خانمان بکەینەوە. خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆر لە خانمان پێشوازییان لێکرد و بەشدار بوون".
گوتیشی: "ئێمە بەنیازی ئەوەین گەورەترین گرووپی ئاواز و میوزیکی خانمان، نەک هەر لە بۆکان بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکە دابمەزرێنین و هیوادارین خوشکانی دیکەش سەردانمان بکەن و پاڵپشتمان بن".
سمکۆ فەیزی، ئاوازدانەر و بەڕێوەبەری فێرگەکە، ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی دامەزراندنی گرووپەکە لە وەڵامی داواکاری و حەزی ژنانەوە سەریهەڵداوە.گوتیشی: "خۆشبەختانە بۆ یەکەمجار لە شاری بۆکان و ناوچەکە، توانیمان گرووپێکی گەورەی ژنان بۆ ئاواز و میوزیک پێکبهێنین. ئەم بۆشاییە هەبوو، چونکە خانمان دەیانپرسی بۆچی ئەوان ناتوانن لەم بوارەدا بەشدار بن".
فەیزی باسی لەوەشکرد، یەکێک لە ئاستەنگەکان نەبوونی راهێنەری پسپۆڕ و خوێندەواری ئەکادیمی بووە، بەڵام توانیویانە بە سەرپەرشتی خۆیان چەند کەسێک بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بکەن.
بەڕێوەبەری فێرگەی سەدەف ئامانجی گەورەتریان هەیە و دەڵێت: "ئەمە سەرەتایەکە. ئێمە ئامانجمانە گەورەترین گرووپی میوزیکی ژنان لەسەر ئاستی ناوچەکە و بگرە کوردستان دابمەزرێنین. لەو بڕوایەداین ئەم هەنگاوە لە شاری بۆکانەوە دەست پێبکەن، چونکە بۆکان شاری هونەر و میوزیک و حەسەن زیرەکە".
بەڕێوبەری فیرگەکە داوای پاڵپشتیی لە هەموو لایەک کرد و گوتی: "هیوادارم وەک چۆن پێشتر پاڵپشتمان بوون، دەرگامان بۆ خانمان بە باشترین شێوە ئاواڵەیە و ئێمە لە خزمەتیانداین تاوەکو بەشداری لەم کارە پیرۆزەدا بکەن".
لە هەر شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین فێرگەی میوزیکی و هونەری هەن و لە رێگەیەوە چەندین هونەرمەند هەڵکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ