رووداو دیجیتاڵ
بووکەڵەی (لابووبوو - Labubu)، کە بەدیزاینە سەرنجڕاکێش و سەیرەکەی ناسراوە، رەنگە بەمزووانە لەسەر شاشەی سینەماکان ببینرێت.
کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز، بەرهەمهێنەری فیلمە بەناوبانگەکانی وەک (Jumanji)یە، مافی بەرهەمهێنانی فیلمی لەسەر ئەم براندە چینییە بەدەستهێناوە. ئامانجی کۆمپانیاکە دروستکردنی فیلمێکە و ئەگەری هەیە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، بیکاتە زنجیرە فیلم.
تا ئێستا هیچ بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرێک بۆ پڕۆژەکە دیاری نەکراوە، چونکە گرێبەستەکە تازە واژۆ کراوە. هەروەها هێشتا روون نییە ئایا فیلمەکە بە شێوەی لایڤ ئاکشن دەبێت یان ئەنیمەیشن.
لابووبوو لەلایەن کاسینگ لونگ، هونەرمەندی هۆنگ کۆنگی، دیزاین کراوە. سەرەتا لەلایەن کۆمپانیای (How2 Work) وەک بەشێک لە زنجیرەی فیگەری ئەهریمەنەکان بەرهەم دەهێنرا، کاتێک کۆمپانیای چینی پۆپ مارت لە 2019ـدا مافی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی وەرگرت، ناوبانگی بووکەڵەکە بە خێرایی بڵاوبووەوە.
دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت بەناوبانگبوونی لەناکاوی لابووبووەوە هەن، یەکەمیان شێوازی فرۆشتن کە لەناو پاکەتێکی داخراو بوو، ئەمەش وایکرد کڕیاران نەزانن چییان کڕیوە تاوەکو دەیکەنەوە. ئەم شێوازە خواستێکی زۆری و بازاڕێکی بۆی دروستکرد. دووەمیان پشتگیریی کەسایەتییە ناودارەکان بوو، لەوانەش لیزا ئەندامی گرووپی کەی-پۆپی (بلاکپینک - Blackpink).
سەرەتا ئەم بووکەڵەیە لە بازاڕەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ناوبانگی دەرکرد، لە 2024 بە خێرایی جیهانی گرتەوە. بەپێی راپۆرتەکان، قازانجی کۆمپانیای پۆپ مارت لە سەرەتای ئەمساڵدا بە رێژەی 350% بەرزبووەتەوە.
گۆڕینی بووکەڵە بۆ فیلمی سینەمایی دیاردەیەکی نوێ نییە. لە دەیەی رابردوودا، فیلمی (The Lego Movie) لە 2014، پاشان فیلمی (Barbie) کە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسی جیهانیدا بەدەستهێنا، نموونەی سەرکەوتووی ئەم رەوتەن.
کۆمپانیای سۆنی هیوادارە بە پڕۆژەی (لابووبوو)، سەرکەوتنێکی هاوشێوە دووبارە بکاتەوە و براندێکی نوێ و بەهێز بخاتە نێو جیهانی سینەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ