رووداو دیجیتاڵ
فەرهات تونچ، هونەرمەندی کورد، نوێترین بەرهەمی بەناوی (جگەرام) بڵاوکردەوە کە لاواندنەوەیەکە بۆ کارەساتی دێرسم و لە 88ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید رەزا و هاوڕێکانی بڵاوکرایەوە.
بەرهەمەکە بە شێوەزاری زازاکییە و بۆ دیمەنەکانی ڤیدیۆکلیپەکە، سوود لە ژیریی دەستکر وەرگیراوە.
فەرهات تونچ یەکەمجارە لە بەرهەمێکیدا ژیریی دەستکرد بەکاردێنێت بۆ جوڵاندن و گیان بەبەردا کردنەوەی وێنە مێژووییەکانی سەردەمی کۆمەڵکوژیی دێرسم لە ساڵانی 1937-1938. لە بەشێک لە کلیپەکەدا، سەید رەزا دەردەکەوێت.
تونچ ماوەی حەوت ساڵە لە تاراوگە دەژی و لە کارە هونەرییەکانی بەردەوامە، لەو کارەیدا هاوشێوەی کارەکانی پێشووی لەگەڵ دەرهێنەر نیهات ئولاش کاری کردووە. ئاوێتەکردنی میوزیکی مۆدێرن و دیمەنە مێژووییە جوڵێنراوەکان، بینەر و بیسەر دەخاتە ناو ئەزموونێکی پڕ لە هەست و ویژدانەوە.
(جگەرام) لەسەر هەموو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی میوزیک و کەناڵی یوتیوبی فەرهات تونچ بڵاوکراوەتەوە.
سەید رەزا شۆڕشگێڕێکی کورد و یەکێک لە سەرکردەکانی راپەڕینی دێرسیم بووە، کوڕی سەیدا ئیبراھیمە، لە 1862 لە پلوور لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە.
سەید رەزا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەست بە گەڕان دەکات و بۆ گفتوگۆ سەردانی کۆڕ و کۆمەڵە جیاوازەکانی خەڵکی لە کوردستاندا دەکات. پێش شۆڕشی دێرسیم چاوی بە ھەموو سەرۆک ھۆزەکان کەوت و توانی یەکێتییەک لەنێویاندا دروست بکات. لەکاتێکدا لە دێرسیم شۆڕش بەردەوام بوو لە 5ـی تشرینی یەکەمی 1937 بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بەمەبەستی چاوپێکەوتن داوای ھاتنی سەید رەزا بو شاری ئەرزنجان دەکەن، لە رێگەی ئەرزنجانی باکووری کوردستان دەستبەسەردەکرێت و بەرەو شاری خارپێتی دەبەن و لەوێ دادگەیی دەکەن.
لە 15ـی تشرینی دووەم 1937 لەگەڵ شەش ھاوڕێ و ھاوسەنگەریدا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لە سێدارە دران. چوار خەباتکاری دیکە بەر لەجێبەجێبوونی بڕیارەکە، سزاکەیان بۆ زیندانیکردن گوڕدڕا.
تەمەنی ھەندێک لەوانەی سزاکەیان بە زیندان گۆڕدرا؛ لە 90 ساڵ زیاتر بوو. بەپێی یاساکان نەدەبوو سەید رەزا لەسێدارە بدرێت، لەبەر ئەوەی تەمەنی لە سنووری سێدارەدان تێپەڕیبوو، بەڵام تورکەکان پابەندی ئەو یاسایە نەبوون و سەید رەزایان لەسێدارەدا و بە نھێنی بەخاک سپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ