دوو ئەکتەری کورد لە زنجیرەیەکی پڕبینەری نێتفلێکسدا رۆڵ دەگێڕن

17-04-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"Midsummer Night" زنجیرەیەکی نوێی تۆڕی نێتفلێکسە و لەم هەفتەیەدا پڕبینەرترینی ئەو تۆڕەیە لە وڵاتانی سکەندەناڤیا و دوو ئەکتەری کورد رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
قادر تاڵەبانی و پەیمان عەزیزپوور دوو ئەکتەری کوردن و رۆڵی سەرەکی لەم بەرهەمەدا دەگێڕن، لە چەند دیمەنێکی نێو فیلمەکەدا بە کوردی قسە دەکەن.
 
"Midsummer Night" باس لە کارینا دەکات کە ماڵباتەکەی لە هاویندا لە سوێد کۆدەکاتەوە، بەڵام ئەو بۆنە خۆشە کێشەی تێدەکەوێت، لە دوای ئەوەی چەند نهێنییەکی رابردوو باس دەکرێن.
 
زنجیرەکە لە پێنج ئەڵقە پێکهاتووە و ماوەی هەر ئەڵقەیەک 30 خولەکە، بەپێی هەڵسەنگاندنی بینەران و رخنەگران 6.8 لە 10 بەدەستهێناوە. 
 
"Midsummer Night" یاخود "Midtsommernatt" بەرهەمی نەرویجە و بە زمانی ئەو وڵاتەیە، لە جۆری زنجیرە دراما کورتەکانە و پێر-ئۆلاڤ سۆرنسن ئامادەکاریەتی.
 
قادر تاڵەبانی ئەکتەرێکی کوردە و لە نەرویج دەژی، لە 2015 خوێندنی لەبواری ئەکتەریدا تەواوکردووە، لە هەمان ساڵدا لە بەرهەمێکی شانۆییدا رۆڵیگێڕاوە. یەکەم دەرکەوتنی لە سینەمادا لە رێگەی کورتەفیلمی "My brother Amal" بووە کە لە 2018 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باربەرا خەڵاتی بەدەستهێنا.
 
ئەو ئەکتەرە لەبارەی کارکردنی لەگەڵ ستافی زنجیرەکە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستگرام، دڵخۆشی خۆی پێشانداوە بە کارکردن لەگەڵیاندا.
 
پەیمان عەزیزپوور ئەکتەرێکی کوردە و لە 1995 لەدایکبووە و لە نەرویج دەژی، لە چەند بەرهەمێکی شانۆیی، تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا رۆڵیگێڕاوە. لەبارەی ئەم بەرهەمە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام نووسیویەتی: سەختییەکی زۆری تێدا بینراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە