رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ رۆژدا بە بەشداری 34 زانکۆ لەسەرتاسەری عێراقەوە، فێستیڤاڵی شانۆی زانکۆکان لە کەرکووک بەڕێوەچوو. شانۆگەرییەکان لە هۆڵەکانی شانۆی زانکۆی "کیتاب" لە پردێ نمایشکران.
لە ماوەی سێ رۆژدا 36 بەرهەمی جیاواز نمایشکران، کە هەریەکەیان بەرهەمی ناوچەیەکی جیاوازی عێراق و هەڵگری پەیامێکی مرۆڤایەتی بوون.
لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەڵسەنگاندنی نمایشەکان پێکهێندرابوو، دواجار بڕیاریان لەسەر باشترینەکانی فێستیڤاڵ دا.
د. عەبدلکەریم عەبود، ئەندامی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند: "بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە شانۆییەکان هەژمار دەکرێت؛ بۆ پەرەپێدان بە توانای خوێندکار و ئاشکراکردنی بەهرەکەی لە بواری شانۆییدا، ئەم فێستیڤاڵە دابەش دەبێتە سەر دوو ئاڕاستەی سەرەکی، ئاڕاستەی یەکەم خوێندکارەکان لە بەشی هونەرە جوانەکان دەخوێنن و شانۆ دەخوێنن، ئاڕاستەی دووەم گرنگیدانە بە تواناو بەهرەی خوێندکار لە دەرەوەی پسپۆڕییەکەیدا".
لەنێو بەرهەمی شانۆیی زانکۆکاندا، چەند بەرهەمێکی جیاواز میوانداری کرابوون، لەوانەش نمایشێکی سەرشەقامی شانۆکارانی کۆیە.
د. کەیفی ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی کۆیە و شانۆکار، رایگەیاند: "وەک گرووپی شانۆ بۆ شانۆی شەقام، سەر بە بەرێوبەرایەتیی هونەر و رۆشنبیری کۆیە، لە میانەی فێستیڤاڵی شانۆی زانکۆکانی عێراق ئەم بەرهەمەمان هێناوە و وەک مێوان بەشدارین، ناوەڕۆکی کارەکەمان باس لە پیسبوونی ژینگەی ئاوی دەکات، ئەوە کێشەیەکی سەرتاسەری و جیهانییە، ئەمڕۆ وڵاتان بەدەست پیسبوونی ژینگەی ئاوییەوە دەناڵێنن".
فێستیڤاڵەکە ساڵانە بۆ تەواوی زانکۆکانی عێراق ساز دەکرێت، پێشتر پێنج خولی بەڕێوەچووە و ئەمە خولی شەشەمییەتی کە بۆ یەکەمجارە لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ