رووداو دیجیتال
سابرین غەنودی، ئەکتەری تونسی، بە دوو فیلمی جیاواز بەشداری لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا دەکات و تیشکی خستە سەر رۆڵی خۆی لە فیلمەکاندا و جەختی لە گرنگیی فێستیڤاڵەکە کردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری سینەما.
ئەو ئەکتەرە تونسییە بۆ رووداو ئاشکرای کرد، لە دوو بەرهەمی سینەماییدا رۆڵی هەیە؛ یەکەمیان کورتەفیلمێکە بە ناوی "کەی یەکتر دەبینینەوە دوای ساڵێک" لە دەرهێنانی ئیمان جەعفەر، کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. هەروەها رۆڵێکی لاوەکیشی لە فیلمی درێژی "چۆلەکەی بەهەشت" لە دەرهێنانی موراد شێخ هەیە.
سەبارەت بە گرنگیی فێستیڤاڵە سینەماییەکان، سابرین غەنودی بە رووداوی گوت: "زۆر شت زیاد دەکات. یەکەم شت، زۆر شت بۆ خودی وڵاتەکە و بۆ گەنجان زیاد دەکات. کولتووری سەیرکردنی فیلم و کولتووری هونەر بڵاودەکاتەوە، سەرەتا لەو ناوچەیەی فێستیڤاڵەکەی تێدا ساز دەکرێت". گوتیشی: "دواتریش لەسەر ئاستی عەرەبی، بێگومان، شتێک بۆ کۆی فێستیڤاڵە گەورەکان زیاد دەکات".
سینەمای تونس میوانی شانازیی دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدایە و چەندین فیلم و سینەماکاری ئەو وڵاتە میوانداری کراون. فێستیڤاڵەکە چەندین فیلمی جۆراوجۆر لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی نمایش دەکات و بووەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان لە پایتەختی عێراق.
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری عێراقی کراوە، رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ