خەڵاتی ماملێ بە کاوە فەقێزادە بەخشرا

18-01-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن کاوە فەقێزادە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتی ماملێ ماوەی 13 ساڵە لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە پێشکێش بە هونەرمەندانی کورد دەکرێت، ئەمساڵ خەڵاتەکە پێشکێش بە کاوە فەقێزادە، هونەرمەند و ژەنیاری ئامێری سەنتوور بەخشرا.


رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە، دوێنێ دووشەممە 17-1-2021 لە هۆڵی بۆنەکانی هۆتێل تارا لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ماڵباتی ماملێ ئامادەیبوون، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێوڕەسمەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوە نەچوو.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ و رێخکەرانی بەخشینی خەڵاتەکە، بەخشینی خەڵاتەکەیان بەو هونەرمەندە بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە، یەکەمیان، تێکۆشان و ماندووبوونەکانی ئەو هونەرمەندە بۆ نووسینەوە و لێکۆلینەوە لەسەر میوزیک، دەق و نۆتەکانی کۆمەڵێک میلۆدی، گۆرانی، بەیت، حەیران، لاوک و ھەوای کوردی گەڕاندووەتەوە، دووەمیان، سەرەڕای کۆمەڵێک گرفت و بەربەستی جۆراوجۆر بەتایبەت دارایی، لە خزمەتکردن بە میوزیکی کوردی نەوەستاوە و لە چالاکی هونەری بەردەوام بووە و توانی ئۆرکێسترای زانستی و جیهانی فيلارمونيک دابمەزرێنێت.

کاوە فەقێزادە 1971 لە مھابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، مامۆستای میوزیکناسییە لە زانکۆی هونەریی رەسام لە تاران، زانستی میوزیکی بۆ ماوەی یەک ساڵ لەلایەن هونەرمەند یوسف رەبیعی خوێندووە، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەژێر چاودێری هونەرمەند فەرامەرز پایوەر و بە راهێنانی سەعید سابت خوێندوویەتی.

لە 2000 چالاکییە هونەرییەکانی لە بواری نووسینەوەی نۆتەی میوزیکی و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و رەسەنەکانی گۆرانیبێژانی کوردستان و دابەشکردنی بە ئامێری سەنتوور دەستپێکردووە.

بۆ ماوەی چوار ساڵ لە سلێمانی لە باشووری کوردستان، لێکۆڵینەوەی لەبارەی میوزیکی کوردی کردووە، خاوەنی 35 ساڵ ئەزموون و ژیانی هونەرییە، 15 کتێبی تایبەت بە هونەری میوزیک چاپکردووە.

لە 2004 فێرگەی میوزیکی وەفایی لە مھاباد دامەزراندووە و لە 2010 ئۆڕکێسترای فیلارمۆنیکی موکریانی دامەزراند.

پێشتر لە بەرنامەی 'ئاوازی زەهاوی'ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەژار زەهاوی پێشکێشکار و پرۆدیۆسەریەتی، بەرنامەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە