رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد لێنچ، ناوێکی درەوشاوەی نێو سینەما و درامای تەلەڤزیۆنییە، ئەوانەی هۆگری فیلم و درامان کاریگەری ئەو دەرهێنەرە لەو بوارەدا دەزانن کە دوای تەمەنێکی پڕ لە بەرهەم، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
لێنچ، رۆژی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025 لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. هەواڵی کۆچی دوایی، لەلایەن ماڵباتەکەیەوە لە پۆستێکی لە فەیسبووکدا بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتبوو: "ئێمە ماڵباتی مرۆڤ و هونەرمەند دەیڤد لێنچ، بەو پەڕی دڵگرانییەوە، کۆچی دوایی ئەو رادەگەیێنین، دوای ماڵئاواییکردنی، ئێستا بۆشاییەکی گەورە لە جیهاندا دروستبووە".
سەهیم عومەر خەلیفە، فیلمسازی کورد لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک، لەبارەی کۆچی دوایی ئەو دەرهێنەرە نووسیویەتی: "یەکێک لە دەرهێنەرە خۆشەویستەکانم و یەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکان مردووە".
لێنچ، جگە لە بینەران، لەلایەن رەخنەگرانی سینەما و دراماش ناوێکی کاریگەر بوو و پێشوازی لە بەرهەمەکانی دەکرا، شۆڕشێکی لە جیهانی سینەما و تەلەڤزیۆن بەرپا کردبوو.

لێنچ، لە رێگەی فیلمە سوریاڵیزمییەکان توانی ببێتە ناوێکی درەوشاوەی هونەری حەوتەم و کەشێکی پڕ لە نهێنی و دڵەڕواکێیان هەبوو، لەوانەش فیلمی "Blue Velvet" و "Mulholland Drive"، ئەمە جگە لە زنجیرەی "Twin Peaks" کە بە تێکشکێنەری یاساکانی تەلەڤزیۆنی ئەمریکی دەناسرێت.

دوای ساڵانێکی زۆر لە جگەرەکێشان، لە 2024 ئەو فیلمسازە رایگەیاند، بەهۆی هەوکردنی سییەکانی، بە ئەگەری زۆرەوە ناتوانێت بۆ کاری دەرهێنان لە ماڵەوە بێتە دەرەوە.
هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو: "خۆشی باجی خۆی هەیە"، ئەو باجەی داویەتی ئەو نەخۆشییەکەیەتی کە دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی کۆئەندامی هەناسەدانی و هەناسە تەنگی.

لێنچ، بەهۆی جیاوازیی فیلمەکانی، توانی سەرنجی ژمارەیەکی زۆری بینەران بەلای خۆیدا رابکێشێت، توانی لە رێگەی زنجیرەی "Twin Peaks" و فیلمی "Blue Velvet"، "Lost Highway" و "Mulholland Drive" ترس، نهێنی و سوریاڵیزمی ئەوروپایی کلاسیکی ئاوێتە یەکدی بکات.

دەیڤد لێنچ، لە 20ـی کانوونی دووەمی 1946 لە مۆنتانای ئەمریکا لەدایکبووە، ماڵباتەکەی لە چەند ویلایەتێکی جیا جیا ژیاون، دواجار لە ڤێرجینیا جێگیر بووە، پەیوەندیی لەگەڵ خوێندن زۆر باش نەبووە، چونکە زیاتر هۆگری وێنەکێشان بووە، لە 1965 چووەتە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی پێنسلڤانیا.
دوای ساڵانێک کارکردن لە هونەری شێوەکاری و دەرهێنەری کورتە فیلمە ئەنیمەیشنەکان، رووی لە جیهانی سینەما کرد، لە 1977 کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی "Eraserhead" کرد، شێوازی نامۆی کارکردنی سەرنجی بەرهەمهێنەرە هۆلیوودییەکانی بەلای خۆیدا راکێشا.

لە دوای ئەو ئەزموونە، کۆمپانیای "میڵ برۆکس" گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ کرد؛ بۆ ئەوەی کاری دەرهێنان بۆ فیلمی "The Elephant Man" بکات. فیلمەکە باس لە کەسێک لە چاخی ڤیکتۆریایی لە ئینگڵتەرا دەکات کە رووخساری شێواوە، ئەم بەرهەمە بەربژێری هەشت خەڵاتی ئۆسکار بوو، لەوانەش باشترین دەرهێنەر، هەروەها توانی خەڵاتی چلەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا بەدەستبێنێت کە یەکێک لە پێنج دروشاوەترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهانە.

لە 1990 لە رێگەی زنجیرەی "Twin Peaks"ـە توانی شۆڕشێک لە تەلەڤزیۆنی ئەمریکی بەرپا بکات، دواتریش لە سینەمادا لە رێگەی فیلمی "Mulholland Drivea" کە بەهۆیەوە لە 2001 خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بەدەستهێنا.

لە "Mulholland Drivea" شێوازێکی خستنەڕووی هونەریی بەکارهێناوە کە زنجیرە رووداوێکن لەبارەی کەسایەتییە دوو رووەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی شڕۆڤەیان بۆ نەکراوە و روون نین، هەروەها تووندوتیژییە شۆککهێنەرەکان دەخاتەڕوو.

لێنچ، چوار جار بەربژێری ئۆسکاری باشترین دەرهێنەر بووە، بەڵام تەنیا یەک ئۆسکاری بەدەستهێناوە، ئەویش ئۆسکاری رێزگرتن بووە لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی لە 2020، هەروەها براوەی شێڕی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینسە لە 2006 کە کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا، هەروەها یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلمە لە ئەوروپا و یەکێک لە پێنج باشترینەکانی جیهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ