رووداو دیجیتاڵ
بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ناوەندی کولتووری کوردی لە ئەمریکا، پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری بۆ چوار هونەرمەندی شێوەکار سازدەکات و ئاهەنگێک بۆ هونەرمەند دڵنیا رەزازی لە سان دیێگۆ سازدەکات.
هیوا پاشایی، ئەندامی بۆردی ناوەندی کولتووری کوردی لە ئەمریکا، بە رووداوی راگەیاند، بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە 26 و 27ـی نیسانی 2024 چالاکییەک لە شاری سان دیێگۆی ئەمریکا ساز دەکەن، یەکەمیان پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکارییە بۆ هونەرمەندان شەهریار جاف، سروە پاشایی و ئەمیر ئەلمالۆ و و بەرهەمەکانی خۆی. چالاکی دووەم سازکردنی کۆنسێرتێکە بۆ هونەرمەند دڵنیا رەزازی و هونەرمەند کاوە شێخ تێیدا بەشدارە.
پاشایی، گوتیشی، ئامانجی دامەزراوەکە ناساندنی کولتووری کوردییە بە خەڵکی ئەمریکا و بۆ ئەم مەبەستە چالاکی کولتووری و هونەری لەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.
روونیشیکردەوە، پێشانگەکە لە یەکەم رۆژی چالاکییەکە دەکرێتەوە و دوو رۆژ دەخاینێت و لە دووەم رۆژدا ئاهەنگی هونەرمەند دڵنیا رەزازی بەڕێوەدەچێت.
ناوەندی کولتووری کوردی لە ئەمریکا لە 2023 لە کالیفۆرنیا دامەزراوە و بۆردێکی هەیە لەلایەن 11 ئەندام بەڕێوەدەبردرێت و ئەمەش یەکەم چالاکییانە ئەنجامی دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ