رووداو دیجیتاڵ
هۆزان دینۆ، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەلایەن یەکێتیی خاوەن بەرهەمە میوزیکییەکانی تورکیا (MESAM) وەک "سەرکەوتووترین هونەرمەندی کورد" خەڵاتکرا.
لەبەر ئەوەی هۆزان دینۆ لە ئەورووپا و لە تاراوگە دەژی، لە رێوڕەسمەکەدا هونەرمەند و ئاوازدانەری کورد، هاکان ئاکای، لەبری ئەو خەڵاتەکەی لە دەستی میکائیل ئەسلان وەرگرت.
مێسام لە ٣٩ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیدا، کە لە ناوەندی رۆشنبیریی (ئەتاتورک) لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، لەنێو سێ هەزار و ٥٠٠ هونەرمەنددا کەسە سەرکەوتووەکانی خەڵاتکرد.
خەڵاتەکەی هۆزان دینۆ بەپێی ئامارەکانی گوێگرتن لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و داهاتی مافی کۆپیکردن (مافی بڵاوکردنەوە) دیاری کراوە.
هۆزان دینۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەم خەڵاتە بۆ خۆی و بۆ میوزیکی کوردی جێگەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە.
هۆزان دینۆ ئاماژەی بەوە دا، بەم خەڵاتە زۆر دڵخۆش بووە و گوتی: "هەرچەندە خۆم لەوێ نەبووم، بەڵام وەرگرتنی ئەم خەڵاتە ئەوە نیشان دەدات کە میوزیکی کوردی ئێستا قۆناغێکی دیاری بڕیوە".
گوتیشی: "لەبەر ئەم هۆکارە، ئەم خەڵاتە بۆ من گرنگە و بێگومان بۆ میوزیکی کوردی مانایەکی زۆری هەیە. زۆر کەس پرسیویانە 'بۆچی هۆزان دینۆ؟' بەرپرسانی مێسامیش گوتوویانە کە ئەم خەڵاتە بەپێی ئاماری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەخشراوە".
دینۆ پێی وایە پێدانی ئەم خەڵاتە بە میوزیکی کوردی لەم رۆژە گرنگانەی پرۆسەی ئاشتیدا، نیشانەی ئەوەیە کە لە هەندێک بابەتدﺍ گۆڕانکاری روو دەدات و گوتی: "هیوادارم لە ماوەیەکی کورتدا هەندێک گۆڕانکاری روو بدات و رێگە بۆ گەڕانەوەم بۆ وڵات و دیدارم لەگەڵ خۆشەویستان و گەلەکەم خۆش ببێت".
بەپێی داتاکانی مێسام، هۆزان دینۆ وەک هونەرمەندێکی کورد زۆرترین داهاتی مافی کۆپیکردنی بەدەست هێناوە.
لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە هۆزان دینۆ، دەیان هونەرمەندی تورکیش خەڵاتکران.
هۆزان دینۆ، ناوی فەرمی یوسف شاهینە، ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی خۆچڤان سەر بە پارێزگای ئەردەخان لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندەکەی خۆی تەواوکردووە، بۆ خوێندنی باڵا چووەتە قوتابخانەی مامۆستایان لە گوموشهانە و ئیستەنبووڵ، بەڵام بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە ناچار بووە لە قۆناخی کۆتاییدا واز لە خوێندن بهێنێت.
ماوەیەک لە ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٥ بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. ساڵی ١٩٩٨ داوای پەنابەریی لە هۆڵەندا کرد و لەو کاتەوە وەک پەنابەرێکی سیاسی لەوێ دەژی.
تا ئێستا چوار ئەلبوومی لەگەڵ میر میوزیک و کۆم میوزیک بڵاوکردووەتەوە و گۆرانییەکانی (ئۆی یارێ) و (چوو)ـی ناوبانگێکی زۆریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ