بە بەشداری 85 خانم کار بۆ زیندووکردنەوەی دەنگی ژن لە هونەری کوردی دا دەکرێت

18-11-2025
پەسار فایەق
بەشێک لە ئەندامانی گرووپی کۆڕی موکریان
بەشێک لە ئەندامانی گرووپی کۆڕی موکریان
نیشانەکردن گرووپی کۆڕی موکریان خوایە وەتەن ئاواکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی کۆڕی موکریان، کە لە 85 کچ و ژنی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، بە سەرپەرشتیی هونەرمەند سەڵاح خزری، یەکەم بەرهەمی خۆیان بە ناوی (خوایە وەتەن ئاواکەی) بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
 
سەڵاح خزری، سەرپەرشتیاری گرووپەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجیان لە دامەزراندنی گرووپەکە "ناساندنی رۆڵی ژنە لە میوزیک و ئەدەبی زارەکیی کوردیدا، چونکە ژن لە ئەدەب و هونەری کوردیدا بەردەوام رۆڵێکی باڵای هەبووە".
 
خزری گوتیشی: "گرووپەکە لە 85 ئەندام پێکهاتووە کە کچ و ژنن و تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 85 ساڵدایە. هەموویان فێرخوازی فێرگەی میوزیکی ژیلەمۆن لە مەهاباد و هەفتانە راهێنان وەردەگرن".
 
سەرپەرشتیاری گرووپەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆر لە حەیران و گۆرانیی کوردی هەن کە بەهۆی ناوەڕۆکەکەیانەوە بۆ پیاو گونجاو نین و دەبێت ژن بیانڵێتەوە، وەک بەرهەمی (لانک لانک لانکۆڵێ)، (وامەکە دایکم دیارە)، لەگەڵ هەندێک لایەلایە و بەیت کە تایبەتن بە ژنان.
 
سەڵاح خزری روونیکردەوە، هەرچەندە یەکەم بەرهەمی گرووپەکە نەتەوەیی بوو، بەڵام "لە داهاتوودا کار لەسەر ئەو بەرهەمانە دەکەین کە تایبەتن بە ژنان و بە دەنگی ئەندامانی گرووپەکە تۆمار دەکرێن". گوتیشی، پلانیان هەیە کاری زیاتر لەسەر گرووپەکە بکەن و بیکەنە یەکێک لە گەورەترین گرووپەکانی تایبەت بە خانمان.
 
گۆرانیی (خوایە وەتەن ئاواکەی) لە ستۆدیۆی ژیلەمۆ تۆمارکراوە، سەڵاح خزری سەرپەرشتی دەنگ و دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
 
(خوایە وەتەن ئاواکەی) یەکێک لە هۆنراوەکانی فایەق بێکەس، شاعیری ناسراوی کوردە و پێشتر بە دەنگی هونەرمەند محەممەد ماملێ و مستەفا دادار و چەندین هونەرمەندی دیکە گوتراوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڵگەفیلمی خولەپیزە

خولەپیزە چۆن ژیا و چۆن گیانی لەدەستدا؟

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت.