رووداو دیجیتاڵ
پێشاندانی تایبەتی زنجیرەی "Zero Day" بە ئامادەبوونی ستافەکەی لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، لەوانەش رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری سەرەکیی بەرهەمەکە.
زنجیرەکە بەرهەمی تۆڕی نێتفلێکسە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025 لەو تۆڕە بڵاوبکرێتەوە.
بۆ پێشاندانی تایبەتی زنجیرە شەش ئەڵقەییەکە، رۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025 (بە کاتی ئەمریکا) فەرشی سوور راخرا.
ناوەڕۆکی زنجیرەکە، باس لە راسپاردنی گرووپێکی نهێنی دەکات بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی هێرشێکی کارەساتباری ئەلیکترۆنی.
رۆبێرت دی نیرۆ بە رەچەڵەک ئیتاڵییە و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە، یەکەمیان وەک ئەکتەری لاوەکی لە بەشی دووەمی فیلمی "The Godfather"، دووەمیان وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی "Raging Bull".

دی نیرۆ لەگەڵ ئەوەی بە تەمەندا چووە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی پێشنیازی زۆری رۆڵگێڕانی پێدەدەن، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی لە نواندندا و ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی لەو بوارەدا هەیەتی.
لە دوای بەهێزبوونی پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان، ئێستا زنجیرە دراماییەکان بینەری زۆریان هەیە و زنجیرەی زۆر بەرهەمدێنن، ئەمەش وایکردووە، ئەستێرەکانی سینەما بۆ نێو جیهانی زنجیرە دراماییەکان رابکێشرێت و وەک فیلم، پێشاندانی تایبەتیان بۆ بکرێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ