رووداو دیجیتاڵ
"جالا" پێشانگەیەکی هونەرییە لە تۆکیۆی ژاپۆن، دوو ساڵ جارێک دەکرێتەوە و تابلۆ و نمایشی هونەری لەخۆدەگرێت، لە خولی ئەمساڵیدا بەرهەمی حەوت هونەرمەندی کورد خرانەڕوو.
سمکۆ ئەحمەد، شێوەکاری کورد، بە رووداوی راگەیاند، لە خولی ئەمساڵی پێشانگەکەدا کە لە مۆزەخانەی "تۆکیۆی میترۆپۆلیتەن ئاڕت" لە تۆکیۆ کرایەوە نزیکەی 250 هونەرمەند لە 25 وڵاتەوە بەشدارن، لە هۆڵێکی تایبەت بەرهەمی خۆی و شەش شێوەکاری دیکەی چوار پارچەی کوردستان خرانەڕوو کە هەریەکەیان بە سێ بۆ چوار کاری هونەری بەشداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو رێکخەری بەشی هونەرمەندانی کوردە لە پێشانگەکەدا، تێیدا جگە لە بەرهەمی خۆی، بەرهەمی شێوەکاران ئیسماعیل خەیات، لوقمان ئەحمەد، لاورانس کاماس، سۆنیا ئەحمەد و ئیلیاس کرکان خراونەتەڕوو، هەروەها روشدی ئەنوەرە بە بەرهەمی ڤیدیۆیی بەشدارە.
پێشانگەکە کە بە "جالا بێناڵێ" دەناسرێت، لە 17ـی حوزەیرانی 2025 لە هۆڵی "تۆکیۆی میترۆپۆلیتەن ئاڕت" کرایەوە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
سمکۆ ئەحمەد، دانیشتووی ژاپۆنە و روونیکردەوە، لە 1994ـەوە وەکو ئەندامی دەستەی باڵای "جالا بێناڵێ" بۆ بەشی کوردستان و ئەمریکای لاتین کاردەکات. گوتیشی: "دەرفەتم بۆ سەتان هونەرمەندی کورد لە چوار پارچەی کوردستان رەخساندووە کارەکانیان بگەنە مۆزەخانە پلە یەکەکانی ژاپۆن، کۆریا".
سمکۆ ئەحمەد، لە 1972 لە سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانییە لە زانکۆی سەڵاحەددین لە 1996، لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تۆکیۆ لە ژاپۆن بەکالۆریۆس وەرگرتووە، دواتریش ماستەر لە ئەندازیاری شارستانی لەو شارە بەدەستهێناوە.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ