ئاڵنگاریی کریس هێمسۆرس لە نواندنەوە بۆ ژەنین لە بەردەم 70 هەزار کەسدا

19-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن کریس هێمسۆرس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە لەندەن زنجیرەیەک لەبارەی کریس هێمسۆرس، ئەکتەری ناسراوی هۆڵیوود پێشاندار، لە بەشێکی زنجیرەکەدا کە بەشێوەی بەڵگەنامەیی بەرهەمهاتووە، باس لە ئاڵنگاریی ئەو ئەکتەرە دەکات کاتێک بووە ژەنیاری سەرەکیی ئامێری درامز لە کۆنسێرتێکی ئێد شیرەن، گۆرانیبێژی بەریتانی.
 
ئەو ئەکتەرە لە 2024 لەبەردەم 70 هەزار کەسدا لە یاریگەی نیشتمانی لە بوخارێستی رۆمانیا، درامزی ژەنی و لەمبارەیەوە دەڵێت:"هێندەی وروژێنەر بوو، ئەوەندەش بە ترس بوو".
 
سەرەڕای ئەوەی هیچ ئەزموونێکی پێشووی لە بواری میوزیکدا نەبووە، هێمسۆرس بۆ باشترکردنی یادگە و تەندروستیی مێشکی، دەستی بە فێربوونی ژەنینی درامز کردووە.
 
هێمسۆرس (41 ساڵ) دان بەوەدا دەنێت کە پێش نمایشەکە رووبەڕووی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆر بووەتەوە، گوتیشی: "کاتێک دەستیپێکرد و یەکەم لێدانم لە کاتی خۆیدا لێدا، هەموو شتێک گۆڕا. وەک ئەوە بوو لەگەڵ جەماوەرەکە و 70 هەزار کەسدا بە یەکەوە بڕۆم. ئەزموونێکی زۆر تایبەت بوو."
 
رۆژی پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025 لە پێشاندانی تایبەتی زنجیرەکە، هێمسۆرس رایگەیاند: "کاتێک لە بازنەی ئاسوودەیی خۆت دەچیتە دەرەوە، زۆرجار وانە و گەشەیەکی زۆر روودەدات."
 
زنجیرەی "Limitless: Live Better Now" ئێستا لە پلاتفۆڕمی "دیزنی پڵەس" بەردەستە بۆ بینین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە