ڤیدیۆی ژن و پیاوێک لە کۆنسێرتێکی کۆڵدپلەی دەنگدەداتەوە

19-07-2025
پەسار فایەق
دیمەنێکی کۆنسێرتەکەی کۆڵدپلەی
دیمەنێکی کۆنسێرتەکەی کۆڵدپلەی
نیشانەکردن کۆڵدپلەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی وەک ساتێکی ئاسایی و خۆش لە کۆنسێرتێکی گرووپی کۆڵدپلەی دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای ئەوەی کامێرای کۆنسێرتەکە دیمەنی ژن و پیاوێکی پێشاندا کە خۆیان لە کامێراکە شاردەوە.
 
رووداوەکە لە کۆنسێرتێکی گرووپی کۆڵدپلەی، رۆژی چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025 لە یاریگەی جیڵێت لە ویلایەتی ماسەچووستسی ئەمریکا روویدا. کریس مارتن، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپەکە، داوای لە کامێرامانەکان کرد ئامادەبووان پێشاندا بدەن بۆ سەر شاشەی گەورەی کۆنسێرتەکە.
 
کامێرا چووە سەر ژن و پیاوێک کە باوەشیان بەیەکدا کردبوو، کاتێک خۆیان لەسەر شاشە گەورەکە بینی، دەموچاوی ژنەکە شۆکبوونی پێوە دیار بوو، دەستەکانی بردە سەر دەموچاوی و خۆی لە کامێراکە شاردەوە، پیاوەکەش بە خێرایی دانیشت و خۆی شاردەوە. کریس مارتن بە گاڵتەوە گوتی: "یان پەیوەندیی نایاساییان هەیە یان زۆر شەرمنن."
 
چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نەهات، گرتە ڤیدیۆییەکە بە خێرایی لە ئینتەرنێتدا بڵاوبووەوە و بەکارهێنەران لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ناسنامەی ئەو دوو کەسە کرد.
 
هەرچەند ناسنامەی ئەو دوو کەسە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت باس لەوە دەکەن کە پیاوەکە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، ژنەکەش بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی هەمان کۆمپانیایە.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە وەڵامی پرسیاری پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ئەو دوو کەسەی نەدایەوە، بەڵام رایگەیاند، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە و لە هەژمارێکی گاڵتەجاڕییەوە دەرچووە."
 
دوای ئەو دەنگدانەوەیە، گرووپەکە هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەبووە.
 
زۆربەی شوێنەکانی کۆنسێرت هێما و ئاگادارییان هەیە کە ئامادەبووان ئاگادار دەکەنەوە لەوەی رەنگە وێنەیان بگیرێت. یاریگەی جیڵێت-یش سیاسەتی پاراستنی زانیاریی هەیە کە دەڵێت: "کاتێک سەردانی شوێنەکەمان دەکەیت یان بەشداری لە بۆنەیەکدا دەکەیت، رەنگە وێنە، دەنگ، یان شێوەت تۆمار بکرێت."
لە سەردەمی ئینتەرنێتدا، گرتە ڤیدیۆییەکی لەم جۆرە دەتوانێت بە خێرایی بە جیهاندا بڵاوبێتەوە. ئەم ڤیدیۆیەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند و خەڵک دەستیان بە خەمڵاندنی هۆکاری خۆشاردنەوەی ئەو دوو کەسە کرد.
 
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوسۆزییان بۆ ئەو دوو کەسە و خێزانەکانیان دەربڕی. راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە هەژماری بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکە لە لینکدئین دوای ئەوەی رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی لێدوان بووەوە، ناچالاک کراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە