جانۆ رۆژبەیانی: هۆڵیوود ئامادەیە سەردانی كوردستان بكات و چاوەڕێی بانگهێشتی ئێمەیە

19-10-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن فیستیڤاڵی سلێمانی
A+ A-

رووداو-سلێمانی

پانێڵێكی درێژ لە فێستیڤاڵی ئەمجارەی فیلم لە سلێمانی، دەریخست چەند كەسێكی كەمی لێدەربچێ، لەوە ناچێ نە پانێلیستە كوردەكان و نە گوێگرەكانیان لە كۆنسێپتی كۆمیسیۆنی فیلم تێگەیشتبن، جگە لەوەش وادیار بوو هیچ شارەزاییەكیان لەوبارەوە نییە. ئەگەرچی سێ میوانی ئەوروپی سەر ستەیجەكە كە خەڵكی كاتالۆنیا، كۆماری چیك و هۆڵەندا بوون، بە كردەوە كۆمیسەری فیلمی وڵاتی خۆیان بوون و بە روونی باسی كارەكانی خۆیان كرد، بەڵام رەنگە زانیارییەكان لە ناو وەرگێڕاندا ونبووبن و نەگەیشتبنە پانێلیستەكانی دیكە و زۆربەی گوێگرەكان.


ئەو پانێلیستانەی جێی باسی منن، كۆمیسیۆنی فیلمیان لەگەڵ شتێك بەناوی  (Film Fondation) لێ تێكچووبوو، لە كاتێكدا وشەیەكی ئاوها، واتە (Fondation) هەر نییە و باسكردنی هیچ مانای نییە، مەگەر ئەوەی مەبەستیان دەستەیەكی دابینكردنی پارە و بودجە بێ بۆ فیلم، ئەگەر مەبەستیان ئەوەش بووبێ، ئەوە دیسان ئەو دەستەیە لەگەڵ كۆمیسیۆنی فیلمدا هەمان شت نین. 

كۆمیسیۆنەكانی فیلم پارە و بودجە دابین ناكەن، چونكە ئەو كۆمیسیۆنانە نە دەزگایەكی دارایین و نە دەزگای خێرخوازیش، بۆیەش دەستەیەكی دابینكردنی پارە و بودجە نین. ئەگەر مەبەستیان دامەزراوە  (Foundation)یش بووبێ، ئەوە دیسان مەبەستەكەیان نەپێكاوە، دامەزراوەی فیلم ئەركی ئەوەیە فیلمەكان بپارێزێ و نووسینی فیلمە كۆنەكان زیندوو بكاتەوە. با بڵێین مەبەستی پانێلیستەكان و هەندێك لە ئامادەبووان پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانی هاوبەش بووبێ. بەڵام داوای لێبوردن دەكەم خەڵكینە! كاری كۆمیسیۆنی فیلم ئەوەش نییە. كاری كۆمیسیۆنی فیلم ئەو شتەیە كە سێ میوانە كۆمیسارەكەی فیلم هەوڵیان دەدا روونی بكەنەوە، بێ ئەوەی هیچ سوودێكی هەبێ. 

وەك لە ساڵی 2005ەوە هەتا ئێستا چەندین جار گوتوومە، كۆمیسیۆنی فیلم دەزگایەكە كارەكەی بریتییە لە: 

یەكەم: قایلكردنی بەرهەمهێنەرە بیانییەكانی فیلم بۆ ئەوەی فیلمەكانیان لە ناوچە و وڵاتی كۆمیسارەكان وێنە بگرن.

دووەم: بوون بە هێڵێكی پەیوەندی لە نێوان بەرهەمهێنەرە بیانییەكان و حكومەت و كاركردن لەسەر كۆمەڵێك خاڵی هاندەری وەك كەمكردنەوەی خەرجییەكان (لەسەر بەرهەمهێنەران) و داشكاندنی باج.

سێیەم: ئاسانكاری بۆ بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم پێویستن و دڵنیابوون لەوەی وێنەگرتنی فیلمەكە بە شێوەیەكی رەوان و قایلكەرانە بەڕێوەدەچێ.

بێ ئەوەی هیچ سوودێكی لێبكەوێتەوە، هەوڵمداوە قەناعەت بە وەزارەتی رۆشنبیری و پەرلەمانی ئێستا و رابردوو بهێنم كە كۆمیسیۆنێكی ئاوها دابمەزرێنن. هەر ئەو كەسانەی هەتا پارساڵیش بە نەخێر پێشوازییان لەو پڕۆژەیە دەكرد، كاتێك لەسەر پاوەر پۆینت خستمەڕوو، ئێستا خۆیان بە خاوەنی ئەو دەستپێشخەرییە دەزانن، دەستپێشخەرییەك كە بەداخەوە هەر لێی تێناگەن، وەك چۆن پانێڵەكەش بەڵگەیە بۆ ئەوە.

كۆمیسیۆنی فیلم، رێكخراوێكی نیمچەحكومیی قازانجنەویستە و زۆربەی جاران وەك "كوانگۆ" (Quango) ئاماژەی پێدەدرێ كە كورتكراوەی دەستەواژەی (رێكخراوی نیمچە ناحكومی (Quasi NGO)یە. كوانگۆ رێكخراوێكە كە حكومەت پشتیوانی لێدەكات، بەو مانایەش هەتا رادەیەك لەلایەن حكومەتەوە چاودێری دەكرێ و پشتگیری دارایی پێشكەش دەكرێ. بە دەربڕینێكی دیكە، كوانگۆ رێكخراوێكی دوو سەرەیە كە هەندێك توخمی رێكخراوێكی ناحكومی و هەندێك توخمی دیكەی دەستەیەكی كەرتی گشتی تێدایە.

رەنگە ئەو كۆمیسیۆنە وەك كەرتی گشتی كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنان و ئیدارەی شوێنی وێنەگرتن دابین بكات، یان دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بخاتە ئەستۆی كۆمپانیا لۆكاڵییەكان. دابینكارانی خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنان كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، بەرهەمهێنەرە لۆكالییەكانی فیلم و هونەرمەندە فریلانسەرەكانن. 

لە وڵاتە پێشكەوتووەكان ئەو جۆرە كۆمیسیۆن یان كوانگۆیانە رێكخراوی ناحكومین. لەو وڵاتانی پێشنەكەوتووش، كۆمیسیۆنی فیلم لە پاڵ زۆر دامەزراوەی كولتووریی دیكە، بەشێكن لە حكومەت.

باشترین سیناریۆ بۆ كوردستان ئەوەیە رێگەی سیستەمێكی نێوەنجی بگرێتەبەر، واتە ئۆفیسی ئیداریی كۆمیسیۆن لە ئۆفیسی مەیدانیی خزمەتگوزاریی فیلم جیابكاتەوە. كۆمیسیۆن لە یەك ئۆفیسدا هەموو ئاسانكارییە دیپلۆماسییەكان بۆ فیلمسازە بیانییەكان دەكات (واتە ڤیزا، گومرگ، مۆڵەتەكان، ئاسایش و پاڵنەرە داراییەكان)، سەنتەری خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنانی فیلمیش كارە مەیدانییەكان دەكات، واتە هێنانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمە بیانییەكان بۆ هەرێم و یارمەتیدانیان لە هەموو هەنگاوەكانیاندا. ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە لە بەرامبەر پارەدا پێشكەش دەكرێن.

هەر چۆنێك بێ، گرنگە كۆمیسیۆنەكە یان ستافی كۆمیسیۆنەكە لەلایەن ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی كۆمیسەرەكانی فیلم (AFCI)  بڕوانامەیان پێبدرێ. بۆ وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە، ئەوانەی بۆ كۆمیسەر دانراون، دەبێ هەندێك راهێنان بكەن (كە من خۆم دەتوانم ئاسانكارییان بۆ بكەم) و لە تاقیكردنەوەی ئۆنلاین دەربچن.

هەروەها پێویستە كۆمیسەرەكان بەشداریی كۆنفرانسی ساڵانەی كۆمیسەرەكان بكەن كە بە سینەپۆزیۆم ناسراوە و ناوەكەی كورتكراوەی سینەما و سیمپۆزیۆمە. سینەپۆزیۆمی ئەمساڵ لە رۆژی 13 بۆ 16ی ئەیلوول لە سان پیتەرزبورگی رووسیا بەڕێوەچوو. بەو پێیەی رووسیا لە كوردستانەوە نزیكە، ئەوە بۆ ئێمە خەسارێكە كە ئەو بۆنە گرنگەمان لە كیس چوو.

سینەپۆزیۆمی ساڵی داهاتوو لە بوفالۆ لە نیویۆرك دەبێ. هیوادارم ئەوەندە دەست لەسەر دەست دانەنێین و زووتر خۆمان كۆبكەینەوە، چونكە بۆنەی دیكەی كۆمیسەرە نێودەوڵەتییەكان هەیە كە ئێمە دەبێ تێیاندا بەشدار بین. ئەو بۆنانە شوێنی دروستكردنی تۆڕە لەلایەن بەرهەمهێنەران و كۆمیسەرەكان و لێوانلێوە لە وۆركشۆپ  و كۆڕبەند و سیمینار. ئەو بۆنانە پلاتفۆرمێكن بۆ كۆمیسەرەكان بۆ ئەوەی لای ستۆدیۆكانی بەرهەمهێنانی فیلم بانگەشە بۆ ناوچەكانی خۆیان بكەن و هەلێكیشە بۆ بەرهەمهێنەرەكان تاوەكو پڕۆژەكانی داهاتووی خۆیان رابگەیەنن.

بە كورتییەكەی، مرۆڤ پێش ئەوەی دەست بۆ هەوڵێك بەرێ، دەبێ گەیشتبێتە پێگەی كەسێكی تێگەیشتوو لەو شتە. ئەگەر وەهای دەربخەین كە دەزانین، ئەوە وەك ئەوەیە لەسەر نووكی پەنجەی پێمان رێبكەین و وەك كەسانی بێئەزموونمان بەسەر دێ. بێ بوونی ستاف و كارگێڕیی گونجاو، كۆمیسیۆنەكە دەبێ بە هەوڵێكی كرچوكاڵی دیكە لە نێو زنجیرەیەك هەوڵی كرچوكاڵ. هۆڵیوود هەر ئێستا حەزی ئەوەی دەربڕیوە كە بۆ ئاشنابوون سەردانی هەرێمی كوردستان بكات. شاندێك لە پشكنەرانی لۆكەیشن چاوەڕێی بانگهێشتنامەی ئێمەن، بەڵام هیچ مانای نییە بانگهێشتیان بكەین پێش ئەوەی ئۆفیسی كۆمیسیۆنێكی كارامان دامەزراندبێ كە لەلایەن خەڵكانی راهێنراو و كۆمیسەری خاوەن بڕوانامەوە ئیدارە بكرێ.

تێبینییەكی ئەرێنیش بڵێم، دڵخۆشم بەوەی دەبینم خەڵكی ئێرە بیركردنەوەیان گۆڕاوە و بە دڵێكی كراوەوە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكی هێندە گرنگ دەكەن. هەست دەكەم هەوڵەكانم خەریكن بەردەگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.