رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەکانی فیلمی چاوەڕوانکراوی (Wicked: For Good)، سینتیا ئێریڤۆ و ئاریانا گراندێ، لەسەر فەرشی زەردی دوایین نمایشی فیلمەکەیان لە نیویۆرک پێشاندا.
ئەو دوو ئەستێرەیە، شەوی دووشەممە، لەگەڵ هاوئەستێرەکانیان و دەرهێنەری فیلمەکە، جۆن ئێم. چوو، ئامادەبوون.
پێشاندانی فیلمەکە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو لە سەنگاپوور، گەنجێک هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر ئاریانا گراندێ، گەنجەکە بەناوی جۆنسن وێن، تەمەن 26 ساڵ، توانی بەربەستەکان ببڕێت و خۆی بگەیەنێتە گراندێ، پێش ئەوەی لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە دەستگیر بکرێت، بەهۆیەوە دادگە جۆنسن وێنی بە دروستکردنی بێزاری گشتی تاوانبار کرد و سزای نۆ رۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
لەبەر رۆشنایی ئەم رووداوەدا، سێنتیا ئێریڤۆ و ئاریانا گراندێ لە پێشاندانی نیویۆرک هیچ هەڤپەیڤینێکیان لەگەڵ میدیاکان نەکرد.
فیلمی (Wicked: For Good) بەشی دووەم و کۆتایی ئەو چیرۆکەیە کە لە فیلمی یەکەمی (Wicked) دەستی پێکرد کە لە 2024 بڵاوکرایەوە. فیلمەکە لەسەر بنەمای میوزیکاڵی بەناوبانگی بڕۆدوەی بە هەمان ناو وەرگیراوە، کە خۆی لە رۆمانی (Wicked: The Life and Times of the Wicked Witch of the West)ـی گریگۆری مگوایەرەوە وەرگیراوە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان کارەکتەری ئێلفابا و گلیندا دەکات کە رۆڵی جادووگەری خراپ و باش دەگێڕن.

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو کاتەی کە ئێلفابا وەک "جادووگەری خراپی رۆژئاوا" ناسراوە و لە تاراوگەدا دەژی، لە کاتێکدا گلیندا بووەتە سیمبولی چاکە لە تەواوی خاکی ئۆزدا.

جگە لە سێنتیا ئێریڤۆ و ئاریانا گراندێ، فیلمەکە ژمارەیەک ئەستێرەی دیاری دیکەی تێدایە، لەوانە: میشێل یۆ، جێف گۆڵدبلوم و جۆناسان بەیلی.
بڕیارە فیلمی (Wicked: For Good) لە 21ـی تشرینی دووەمی 2025 لە سینەماکانی ئەمریکا و بەریتانیا پێشاندەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ