رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رۆژ کەریم، لە هەنگاوێکی نوێی هونەریدا، نوێترین بەرهەمی بە ناوی (بڕوا بکە) بڵاوکردەوە، تێکڕای دیمەنەکانی ڤیدیۆکلیپەکە؛ بە تەکنیکی ژیریی دەستکرد دروستکراون.
رۆژ کەریم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 40 ساڵی کارکردنیدا بەردەوام هەوڵی داوە کاری جیاواز پێشکێش بکات و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەم بەرهەمە نوێیەیدا؛ وەک درێژکراوەی ئەو ئەزموونە دەبینێت.
گوتیشی: "ماوەیەک لە خەیاڵمدا بوو کارێکی لەم جۆرە بکەم. یەکەمجارە لەنێو کورد دا ڤیدیۆکلیپێک بکرێت کە سیناریۆی هەبێت و بە ژیریی دەستکرد بێت و لەم کارەدا پێشەنگین".
لەگەڵ ئەوەی خۆی ئەم تەکنەلۆژیایەی بەکارهێناوە، رۆژ کەریم لە هەمان کاتدا هۆشداری لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانییەوە دەدات و دەڵێت: "ژیریی دەستکرد خەتەرە، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کولتووری وڵاتان نەمێنێت، شیوازی ژیان دەگۆرێت و هونەرمەند و خەڵکی دیکەش بێکار بکات".
رۆژ کەریم ئاشکرای کرد، چەند بەرهەمێکی دیکەی ئامادەن و بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویان بکاتەوە.
گۆرانیی (بڕوا بکە) ئاوازی رۆژ کەریمە، هۆنراوەی جەبار حەبیبە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن سەرباز جەمالەوە بۆی کراوە و دەوەن ستار کاری ژیریی دەستکردی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و لە کەناڵی تایبەتی رۆژ کەریم لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ