گوڵشیفتە فەراهانی رووخسارێکی ئاشنا بە فێستیڤاڵی فیلمی کان

20-05-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"Alpha" فیلمێکی نوێی سینەماییە و یەکەم پێشاندانی جیهانیی لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا بەڕێوەچوو.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوەچوو و لە دەرهێنانی جولیا دوکۆرنۆیە، تێیدا گولشیفتە فەراهانی، ئەکتەری ئێرانی و تاهیر رەحیم، ئەکتەری فەرەنسی بە رەچەڵەک جەزائیری رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
جولیا دوکۆرنۆ، دووەم ژنە دەرهێنەرە خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کان بباتەوە، ئەویش لە 2021 لە رێگەی فیلمی "Titane" بوو.
 
"Alpha" رووداوەکانی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە نیویۆرک روودەدەن و باس لە منداڵێکی 11 ساڵان دەکات کە باوکی تووشی ئایدز بووە.
 
تاهیر رەحیم، یەکەم بەشداریی نییە لە فێستیڤاڵی کان، لە 2010 لە رێگەی فیلمی "A Prophet" بوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی بردەوە، لە 2013 لە رێگەی فیلمی "The Past" بەشداربوو و بەربژێری چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵ بوو، هەروەها دوکۆرنۆ لە 2023 ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بووە.  
 
گوڵشیفتە فەراهانی، رووخسارێکی نامۆ نییە بە کان، پێشتر لە سێ فیلمدا بەشداربووە و لە پێشبڕکێی سەرەکیی کان بەشدار و بەربژێری خەڵاتی سەرەکی بوونە، ئەویش فیلمی "Brother and Sister" لە 2022، "Girls of the Sun" لە 2018 و "Patterson" لە 2016.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان شەوی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، بە پێشاندانی فیلمی "Leave One Day" لە شاری کانی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو 24ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
گوڵشیفتە فەراهانی لە 1983 لە ئێران لەدایکبووە، لە دوای ئەوەی لە فیلمی "Body of Lies" رۆڵی گێڕا، ئێرانی جێهێشت و لە فەرەنسا نیشتەجێ بوو. 
 
ئەو ئەکتەرە فارسە، لە چەندین فیلمی کوردیدا رۆڵی گێڕاوە، لەوانەش "نیوە مانگ"ـی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد و "ئەگەر بمری دەتکوژم" لە دەرهێنانی هونەر سەلیم، دەرهێنەری کورد. هەروەها لە فیلمی فەرەنسیی "Girls of the Sun" یاخود "کچانی خۆر" لە دەرهێنانی ئێڤا هۆسۆن و لە فیلمێکی فارسی بەناوی "فرمێسکی سەرما" لە دەرهێنانی عەزیزوڵڵا حەمیدنەژاد، رۆڵی کچی کوردی گێڕاوە.
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە