ئەحمەد سالار: لەیلایەکەی من شانۆیە

20-08-2022
بانو دڵشاد @banudlshadd
ئەحمەد سالار، هونەرمەندی شانۆکار
ئەحمەد سالار، هونەرمەندی شانۆکار
نیشانەکردن ئەحمەد سالار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد سالار، ناوێکی درەوشاوەی نێو شانۆی کوردییە، وەک ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەر کاری کردووە، بەم دواییە 38مین دەقی شانۆیی خۆی بەناوی 'خۆرهەتاوە ئاسمانی شار' نووسیوە و بە گوتەی ئەو نووسینی ئەو هەموو دەقە شانۆییە، سەختە و لە نێو کورددا کەس حەوت دەقی شانۆی نەنووسیوە، لە نێو عەرەبیشدا کەس 12 دەقی نەنووسیوە و دەڵێت، لەیلایەکەی ئەو شانۆیە.
 
رووداو: مامۆستا سڵاوی زۆرت لێ بێت، سوپاس بۆ میوانداریەکەشت کە لە ماڵی خۆت میوانداریت کردووین؟
 
ئەحمەد سالار: سڵاو لە ئێوەش بەخێرهاتن سەرچاوم، هێندەی دیکە خۆشحاڵبووم، زۆر دڵم خۆشبوو ئەو شانۆییەم نووسی و تەواوم کرد، تایپیشکراوە، ئەمە دوا بەرهەممە لە ژیانمدا نووسیبێتم، 38مین شانۆییە.
 
شانۆیی ئەو هونەرەیە کە دەتوانم بڵێم، لە هەموو هونەرەکانی دیکە گرانترە، چیرۆک بێت، رۆمان بێت، نۆڤلێت بێت، شیعر بێت، لە هەموویان گرانترە، تۆ دنیاییەک دروستدەکەیتەوە، بە کۆمەڵێک کەسایەتی، شوێن و جێگە و رێگە و هەڵسوکەوتیانەوە، کێشەیەک دەخەیتە بەردەمیان، کێشەکە کێشەی خەڵکێکی زۆرە، هی یەک و دووان نییە، منیش بەردەوام کێشەی هەر گەورەم نەتەوەکەمە و خستوومەتەڕوو. 
 
جگە لەمە، 38مین شانۆییە، بۆ شانۆ کە دەڵێی 38 کارێکی ئاسان نییە، لە نێو کورددا وابزانم کەس حەوت دەقی نەنووسیوە، هی من 38مینە، لە عەرەبدا کەس 12 دەقی شانۆیی نەنووسیوە، مەگەر شەکسپر 37 نووسیوە، من هەموویانم خوێندووەتەوە و هەموویشیم هەیە، ئەوانەی باسی دەکەم هی میللەتانی دیکەیە، هەموویم خوێندووەتەوە و هەمە، هەندێ جار دەڵێن فلانە نووسەری یۆنانی لە سەدەی چوار و پێنجی پێش زایین، 90 شانۆی نووسیوە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە گوڵبژێرێکە، یاخود پچڕ پچڕ لێرە و لەوێ هەیە، بەڵام ناتوانیت بڵێی راستە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە شەش بۆ حەوت شانۆنامەیە، زیاتر نییە، ئەمانەش شتێکی پیرۆز بووە بۆیە ماوەنەتەوە، ئەو ژمارەیەی من نووسیوومە، خەیاڵێکی چاکم بەکارهێناوە، بەتایبەتی لەم کارە، خەیاڵی فانتازی تێدایە، فانتازیا لەسەر خەیاڵ بونیاد دەنێیت، بنچینە هەموو داهێنانێک خەیاڵە، بۆیە تۆماس کارلێل دەڵێت، ئەکتەری بێ خەیاڵ، وەکو چاوێلکەیەکە بێ چاو بێت، من ئێستا کە چاوێلکەکەم داگرت، هەمووی لێڵ بوو، بەڵام کە لە چاوا بوو، هەمووی رووناک و روون بووەوە.
 
لەبەرئەوە کارێکی ئاسان نییە، هەندێ جاریش دەبیستم لێرە و لەوێ "ئێمە شانۆمان نییە"، هەمانە، من شێوازەکەم ئاهەنگسازییە، جیاوازە لە پێناسە ئەڕستۆییەکە، ئەوەی ئەڕستۆ لە کتێبی 'هونەری شیعر'ـدا ناوی هێناوە، ئەوە نییە، دوای ئەوە نا ئەڕستۆیی هەیە، وەک ئەوەی بێرتۆڵ برێختی ئەڵمانی یان ئەوەی پیتەر فایس و ئەوانی دیکە باس دەکەن کە شێوازێکی دیکەیان هەیە.
 
رووداو: ئەوەی تۆ نووسیوتە کەی دەتەوێت بیبەیتە سەر تەختی شانۆ؟ 
 
ئەحمەد سالار: دوێنێ هەر لەم ژوورەدا، لە خزمەتی کاکە ئەرسەلان دەرویشدا بووم، ئەو بەر لە 40 ساڵ قوتابیم بوو، پێنج ساڵ وانەم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان پێیگوتووە، پاشان لە تیپەکەمدا بووە تاوەکو ئەمڕۆ، کوڕێکی زیرەک و زرینگە، هونەری شانۆ و دەرهێنان، دەبێت جۆرە زیرەکییەکی تێدا بێت، ئەو جۆرە زیرەکییە جارێکیان ئیبراهیم جەلال باسی قاسم محەممەدی دەکرد کە دەرهێنەرێکی گەورە بوو، دەیگوت 'شەیتەنەت'ـی تێدایە، بەڵام من دەڵێم بلیمەتی تێدایە، زیرەکی تێدایە کاک ئەرسەلان، ئەو لە من تێدەگات، هەموو دەرهێنەرێک لە من تێناگات، ئەو تێدەگات من چی دەوێت، نەوەک تەنیا وشەکە، بەڵکو ژێر وشەکانیش، ئەو دەزانێت چ مەبەستێکم هەیە، لە رووی فەلسەفییەوە، لە رووی بوون و واتای وشەوە، ئەو ئەوانە دەدۆزێتەوە و شتی نوێ دەخاتە بەرچاو، بە وردی ئەکتەرەکانی هەڵدەبژێرێت، بۆیە دوێنێ دەقەم دایە دەستی، ئەمە ئەمانەتە لە ئەستۆی کاک ئەرسەلان دەروێشی مامۆستا و بلیمەت و ئێستا کاری تێدا دەکات.
 
رووداو: واتە کاک ئەرسەلان چاوەڕێی تۆین شانۆییە تایبەتەکەی مامۆستا ئەحمەد سالار بخەیتە سەر شانۆ. کە هاتمە ژوورەوە ئەو شوێنە زۆر سەرنجی راکێشام، دنیاییەک تابلۆ و شتی ئەنتیکە و شتی تایبەت بە خۆت و کتێبم بینی، رۆژانە چۆن کاتەکانت لەو ژوورە بەسەر دەبەیت؟
 
ئەحمەد سالار: جاران کتێبخانەیەکی گەورەم هەبووە، ئێستا لەبەر چاوم ناتوانم بخوێنمەوە، هەزارەها کتێبە، ئێستا دوو ژوورمان لە سەرەوە بۆ کتێبەکان تەرخانکردووە، ئەمانە لە ئایندە بۆ نەوەکانمە. 
 
ئەم شانۆییەش کە دەڵێم 38مینە، ئەمە چۆڕانی شیلەی تەمەنێکی دووروودرێژی شانۆیە، تەمەنێک پڕ لە کۆشش و بەردەوامی، من جارێک گوتم، ئەوەندی لە سلێمانی بووم، بەر لەوەی بێم بۆ هەولێر، 50٪ شانۆکان هی منە، د.عەلی روبەیعی، پرۆفیسۆری شانۆ و مێژوو، گوتی، نەخێر ئەوەندە نییە، من سڵم کردەوە، گوتی 75٪ هی تۆیە، رووسوورم لە ئاستی خودا، شارەکەم و شانۆکەم.
 
رووداو: باشە مامۆستا لەو ژمارە زۆرەی شانۆییەی نووسیوتە، کامەیان خەونی تۆ بووە و لەسەر تەختی شانۆ پێشکێشبکرێت و بەرهەمە دڵخوازەکەی تۆ بووە؟
 
ئەحمەد سالار: زۆریان، وەکو 'نالی و خەونێکی ئەرخەوانی' و 'گریمان نالی هاتەوە'، تەنانەت نەوەکانم دەزانن چەندم نالی خۆشدەوێت، بەم نزیکانە، بەر لە دوو مانگ، خودا کوڕێکی بە کاکە هونەری کوڕم بەخشی، مامۆستای کۆلێژی هونەرە، ناویان نا نالی، گوتم پیرۆز بێت، ئەو ناوە پیرۆزە، نالی مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی میکائیلی جاف، پیاوێکی گەورە و خزمی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، ئەو حەزرەتە گەورەیە. 
 
ئەم شانۆییە هەر کە نووسیم و تەواوبووم، شتێک بە بیرهاتەوە و گوتم، قوتابییەکی زۆر ژیر و زرینگم هەبوو، زۆر کورێکی پاک بوو، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان وانەم پێی گوتووتەوە، ئەریوان عومەر حەسەن دەوڵەت، بنەماڵەیەکی سلێمانین، لە راپەڕینەکە دەستی دایە چەکە و چووە سەر (رعایە شەباب)ـەکە کە مەڵبەندێکی لەشکری عێراقی و بەعسی لێبوو، شەڕی کرد و شەهید کرا، واتە پێشەنگی شەهیدەکانی راپەڕین بوو لە سلێمانی، ئەریوان عومەر حەسەن دوڵەت، ئێستاش کسپە بە جەرگمدا دێت کە ناوی دەبەم، منی خۆشدویست، خۆشمدەویست، کوڕێکی زۆر جوان و ئێسک سووکیش بوو، پێشکێشم بە گیانی پیرۆزی ئەو هونەرمەند جوانەمرگە شەهیدە کرد، دڵنیام کاردانەوەیەکی جوانی دەبێت، چونکە لە دەستێکی ئەمیندایە، لە دەستی کاک ئەرسلاندایە، خۆشم گوتم، چۆڕینی دوا دڵۆپ و دوا هەنسکی ئەو تەمەنە پڕ حەسرەتەیە کە بۆ شانۆ دیومە، لێم مەگرن ئەگەر دڵم پڕە، شانۆ بۆ من، چۆن یەکێک باس لە لەیلاکەی دەکات، بۆ من لەیلێک بوو کە تەمەنێکی دووروودرێژ لەگەڵیدا بووم، خولیایەکی زۆر، ئەڤینێکی زۆر....، بەڵام لەو دنیایەش جارێکی دیکە بێمەوە، هەر دەچمەوە سەر شانۆ.
 
رووداو: ئەمە خۆشەویستی راستەقینەی شانۆیە؟
 
ئەحمەد سالار: بەو بۆنەیەوە ویستم شانۆییەک بنووسم، بیرۆکەکەی ئەوەبوو، لێی دەپرسن لەو دنیاییە، دەڵێت لەو دنیایەش هەر دەچمەوە سەر شانۆ، هەر عەشقی لەیلا دەبێتەوە مەجنوون.
 
رووداو: لەیلاکەی تۆ شانۆیە.
 
ئەحمەد سالار: دواتر بیرم لێیکردەوە، ئەو دنیایە بەپێی ئەو ئیمانە ئێمە پێیمان هەیە، دنیایەکی یەکسانییە، دنیایەکە دادوەری تێدایە، دنیایەکە خۆشەویستی تێدایە، دنیایەکە رق و کینەی تێدا نییە، دنیایەکە دژایەتی تێدا نییە، دووبەرکی تێدا نییە، کەوایە دەبێت دنیایەکی چۆن بێت، بیرم کردەوە دەبێت کێشەیەکی دیکە بۆ شانۆکانم بدۆزمەوە، رەنگە کێشەی ئەوە بێت، ئاخ بۆ لەو دنیایە ئێمە سەربەخۆ نەبووین، ئاخ. 
 
رووداو: زۆر باس لەوە دەکرێت شانۆ نییە، خۆشت باست کرد و گوتت، خەڵک باس لەوە دەکەن شانۆ نییە، شانۆ لەسەر تەختی شانۆ نییە، بەڵام بەم دواییە شانۆییەک لە شاری سلێمانی و هەولێر نمایشکرا، شانۆی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بوو و خۆشت بینەری بوویت، چۆن بوو بەلاتەوە؟ ئەمە بوژانەوەیەک بوو بۆ شانۆی کوردی؟
 
ئەحمەد سالار: ئیشێکی جوان بوو، رەنگە من باری سەرنجم لەسەر دەقەکە بێت، لە دەقەکەش کۆتاییەکەی هەبێت، کۆتاییەکەی لە بری ئەوەی فرمانێک بێت، گێڕانەوە بوو، بەڵام دەستخۆشیان لێدەکەم، بەڕاستی هەناسەیان بە سییەکانی هونەری شانۆ دا لەم شارە و حەز دەکەم لەم شارە لەلایەن بەڕێز و وەزیری و رۆشنبیری و بەڕێز جێگرەکەی، زیاتر گرنگی بە شانۆ لەو شارە بدرێت کە هەردووکیان بەڕاستی خەمخۆری هونەرن.
 
رووداو: ئێمەش هیوادارین دووبارە بوژانەوەیەکی باش بە شانۆ بدرێت و ئەو ئاخەی مامۆستا بۆی هەڵکێشا بە فیڕۆ نەچێت، ئینجا دووبارە دەمەوێت بۆ ئەو میواندارییە زۆر سوپاست بکەم، لە ماڵەکەی خۆت میوانداریت کردین و چاوەڕێی ئەو دەقە شانۆییەش دەکەین کە باست کرد، لەسەر تەختی شانۆ بیبینین، وەکو رووداو بیکەین بە هەواڵ و بچین سەیری بکەین و خەڵک بچن سەیری بکەن.
 
ئەحمەد سالار: دەڵێ خۆر هاتەوە ئاسمانی شار، لە قورئانی پیرۆزدا سوبحانەڵڵا باسی خوا دەکات 'الله نور السماوات والأرض' واتە خۆرە، واتە ئەوەندە گەورەیە خۆر بەو وەسف دەکرێت، ئەگەر خۆر یەک چرکە نەمێنێت، ژیان نامێنێت، هەموو دنیا دەبێتە بەستەڵەک، کەواتە کە دەڵێم خۆر، واتە ژیان بۆ ئەو شارە دەگەڕێتەوە کە خۆرەکەی لێ دەبەن و دراوسێییەکیان هەیە دێو، درنج، گورگ و ئەژدیهان، بەڵام زاڵن بەسەریاندا، خۆر هەر دێتەوە، خۆر هەر دێتەوە، کوردستان هەر سەربەخۆ دەبێت.
 
رووداو: زۆرسوپاس مامۆستا ئەمڕۆ میوانت بووین؟
 
ئەحمەد سالار: دایکەکەی من، ئەم بەڕێزانەی کە گەورەیان کردم، دڵیان خۆشکردم، ئەو گرنگییەیان پیدام وادەزانم جوانترین میدالیایان کردووە بە سینگی مینێکی پیرەمێردی شانۆ.
 
رووداو: پیرەمێردی چی ماشەڵڵا. زۆر سوپاس بۆ ئێوەش کە بینەری ئێمە بوون.
 

 

پێشکیشکار: بانو دڵشاد
پرۆدیۆسەر: پەسار فایەق

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە