عەلا مەفرەجی: لە عێراق نەوەیەک بەبێ کولتووری سینەما گەورە بووە

20-09-2025
پەسار فایەق
عەلا مەفرەجی، رەخنەگری سینەمایی و سەرۆکی لیژنەی دادوەریی کورتەفیلمەکان
عەلا مەفرەجی، رەخنەگری سینەمایی و سەرۆکی لیژنەی دادوەریی کورتەفیلمەکان
نیشانەکردن دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا عەلا مەفرەجی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەلا مەفرەجی، رەخنەگری سینەمایی و سەرۆکی لیژنەی دادوەریی کورتەفیلمەکان لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، رایگەیاند، نەوەیەکی تەواو لە عێراق بەبێ کولتووری سینەما گەورە بووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لەنێوان بینەر و فیلمی عێراقیدا دروستکردووە، بەڵام هاوکات گەشبینە بە داهاتووی سینەمای وڵاتەکەی.
 
عەلا مەفرەجی، هۆکاری کەمبوونەوەی جەماوەری سینەمای لە عێراق گەڕاندەوە بۆ ئەو پچڕانە درێژەی کە لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا روویدا و بە مەعد فەیاز، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکەی راگەیاند: "بۆشاییەکی گەورە لەنێوان دوایین فیلمی درێژدا دروست بوو کە لە 1990 فیلمی (مەلیک غازی) بوو، تا دوای 2003. واتە ماوەی 15 ساڵ، نەوەیەک پەروەردە بوو کە لە کولتووری سینەما دابڕابوو".
 
مەفرەجی ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی هۆڵە کۆنەکان و کردنەوەی سینەمای نوێ لە مۆڵەکاندا، دۆخەکەی گۆڕیوە و گوتی: "ئەم ماوەیە بێگومان پێویستی بە زۆر ئامادەکاری هەیە تاوەکو هۆشیاریی جەماوەری عێراقی بۆ پێشوازی لەم جۆرە فیلمانە گەشە بکات".
 
سەبارەت بە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی فیلمە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکە، سەرۆکی لیژنەی دادوەریی کورتەفیلمەکان گوتی: "پشت بە پێوەرە هونەرییەکان دەبەستین کە بنەمای سەرەکین. دواتر هەڵسەنگاندنی هونەری بۆ هەر فیلمێک بە جیا دەکرێت. بابەتی فیلمەکە، ئەو دەقەی هەڵیگرتووە، شێوازی چارەسەرکردنی ئەم دەقە و شتی دیکەی لەم جۆرە، لە کاتی هەڵسەنگاندندا لەبەرچاو دەگیرێن".
 
سەرەڕای ئەو بۆشاییە گەورەیەی باسی دەکات، عەلا مەفرەجی گەشبینیی خۆی بۆ داهاتووی سینەمای عێراقی نیشاندا، بەتایبەت بەهۆی ئەو پشتگیرییەی کە ئێستا لەلایەن حکومەت و خودی فێستیڤاڵەکەوە بۆ بوژاندنەوەی ئەم کەرتە پێشکێش دەکرێت.
 
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.