عەلی جەعفەر لەبارەی سینەمای عێراقییەوە: ناچارین پشت بە حکومەت ببەستین

22-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
عەلی جەعفەر سەعدی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری عێراقی
عەلی جەعفەر سەعدی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری عێراقی
نیشانەکردن دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەلی جەعفەر سەعدی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری عێراقی، ئاستەنگەکانی بەردەم سینەمای عێراقی دەخاتەڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆ پاڵپشتی کردنی سینەما لە وڵاتەکەی، دەبێت پشت بە حکومەت ببەستن.
 
لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا کە شەوی رابردوو چالاکییەکانی کۆتایی هات، مەعد فەیاز، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ عەلی جەعفەر سەعدی کردووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سینەما تەنیا هونەر نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی گرانبەهایە و ناتوانرێت لەگەڵ هونەرەکانی دیکەدا بەراورد بکرێت. گوتیشی: "سینەما وەک میوزیک نییە کە میوزیکژەنێک بە تەنیا بتوانێت داهێنان بکات، یان نیگارکێشێک بە فڵچەکەی. سینەما تێچووی زۆرە و پێویستی بە ئامێر، کەلوپەل و تیمی تەکنیکی هەیە، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەیە".
 
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی قسەکانی سەعدی، ئاماژەدان بوو بە نەبوونی "رۆشنبیریی بینینی سینەما" لەنێو جەماوەری عێراقیدا، بە پێچەوانەی وڵاتانی وەک میسر و هیندستان کە چوونی هەفتانە بۆ سینەما بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتییان. لە بەرامبەردا، ستایشی پێگەی شانۆی عێراقی کرد و گوتی: "شانۆی عێراقی بێگومان پێشەنگە، کاتێک دەچێتە دەرەوە خەڵات دەباتەوە و رکابەری دەکات، بەڵام سینەما لای ئێمە بەهۆی کەمی ئەزموونەوە دواکەوتووە".
 
هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ دەستێوەردان و پشتیوانیی حکومی نییە بۆ هونەر، نموونەی سەرکەوتووی درامای سووری هێنایەوە کە لەلایەن "بازرگانان و سەرمایەدارە هۆشیارەکانەوە" گەشەی پێدرا و بووە پیشەسازییەکی قازانج بەخش.
 
لە هەمەمانکاتتدا دانی بەوەدا نا: "پشت بەستن بە دەوڵەت شێوازێکی تەندروست نییە، بەڵام ئێستا ناچارین. بۆ ئەوەی دەست بە هەستانەوە بکەین، پێویستمان بە پشتیوانیی حکومییە تا جەماوەر رابهێنین کە سینەما هەیە و وەرن سەیری واقیعی خۆتان بکەن".
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لە 15 تا 21ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەبوون. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا پێشاندران، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.