ئەحمەد بەحرانی دوای زیاتر لە 30 ساڵ پێشانگەیەک لە بەغدا دەکاتەوە

20-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەحمەد بەحرانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە سێ دەیە دابڕان لە گەلەرییەکانی عێراق، ئەحمەد بەحرانی، شێوەکاری عێراقی بە پێشانگەیەکی تاکەکەسی بە ناوی (ئاگادارکەرەوە) گەڕایەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر چەمکی کات و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ. 
 
ئەحمەد بەحرانی لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک، گەڕانەوەی خۆی بە "ساتەوەختێکی راستگۆیانە و پڕ چاوەڕوانی" پێشانداوە، تێیدا رووبەڕووی "خودی خۆی، کات و جەماوەر" دەبێتەوە.
 
هەروەها نووسیویەتی: "ئەمە تەنیا نمایشکردنی چەند کارێک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ کنەکردنێکی قووڵ لە جەوهەری تێمی کاتدا لە رێگەی یەک توخمەوە، کە هەندێک بە دووبارەبوونەوەی دەزانن! بەڵێ، ئەوە کاتە، ئەو بوونەوەرە نهێنیئامێزەی کە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین تێدەپەڕێت، بەڵام برینی وا لە ناخماندا جێدەهێڵێت کە هەرگیز سارێژ نابنەوە".
 
ئەحمەد بەحرانی کە زیاتر بە کاری پەیکەرسازییەکانی ناوبانگی پەیدکردووە و بەرهەمەکانی لە چەندین پێشانگە لە جیهاندا خراونەتەڕوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ "جەماوەرە مەزنەکەی لە عێراق" دەربڕیوە کە لە هەموو شارەکان و تەنانەت لە هەندێک وڵاتی عەرەبییەوە ئامادەی کردنەوەی پێشانگاکە بوون و رایگەیاند، ئەو ئامادەبوونە فراوانە "بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هونەر کاتێک بە راشکاوی پێشکێش دەکرێت، دەتوانێت دەست لە دڵ بدات و یادەوەری بوروژێنێت".
 

سەبارەت بە رەخنەش، رایگەیاند، پێشوازیی لێدەکات و بە "شتێکی سرووشتی و تەندروست"ـی دەزانێت، بە مەرجێک "دوور بێت لە بابەتی کەسیی" و لە ئاستی کولتووری دیالۆگدا بێت.
 
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، هونەرمەند جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو خۆشەویستییەی لە بەغدا پێی بەخشراوە، بەنرخترین شتە کە هونەرمەندێک دوای "گەشتێکی دوور و درێژی دوورەوڵاتی" لە دڵیدا هەڵیبگرێت. 
 
پێشانگەکە رۆژی هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025 لە (گالەری هونەرە هاوچەرخەکان) لە کەرادەی بەغدا کراوەتەوە و چەند رۆژێک دەخاینێنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە