شەریف ئۆمەری لە بەرهەمێکدا فۆلکلۆری کوردی و هیپ هۆپ ئاوێتە دەکات

20-12-2023
پەسار فایەق
دیمەنێک لە ڤیدیۆکلیپی 'شەڕە، شەڕ'
دیمەنێک لە ڤیدیۆکلیپی 'شەڕە، شەڕ'
نیشانەکردن شەریف ئۆمەری شەریفۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەریف ئۆمەر، هونەرمەندی کورد، لە نوێترین بەرهەمیدا بەناوی 'شەڕە شەڕە' میوزیکێکی فۆلکلۆری کوردی و میوزیکی راپ و هیپ هۆپ ئاوێتەی یەکدی دەکات.
 
شەریف ئۆمەری کە لە نێو هەوادارانیدا بە "شەریفۆ" دەناسرێت، بە رووداوی راگەیاند، 'شەڕە شەڕە' نوێترین بەرهەمیەتی و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتووە، تێیدا میوزیکی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ میوزیکی راپ و هیپ هۆپ ئاوێتەی یەکدی کردووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە فۆلکلۆرە، بەڵام بەشی راپەکەی خۆی تێکستی بۆی نووسیوە. گوتیشی، لە ڤیدیۆکلیپەکەدا گرووپی هەڵپەڕکێی زۆزانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە جلوبەرگ و هەڵپەڕکێی تایبەت بەو شارە بەشدارە، هەروەها جلوبەرگی کوردانی ئێزدی لەم بەرهەمەدا بەکارهاتووە.
 
شەریف ئۆمەری، هیوای ئەوەشی خواست هونەرمەندان و رۆشنبیرانی کورد، گرنگی بە فۆلکلۆری کوردی بدەن و بیپارێزن.
 
شەریف ئۆمەری، لە 1987 لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، زیاتر بە شێوازی راپ، هیپ هۆپ و دانس گۆرانی دەڵێت، ناوەڕۆکی زۆربەی بەرهەمەکانی نیشتمانین، لە 2004ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 2006 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'باڤێ گەمار' بڵاوکردەوە، تەواوی تراکەکانی لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و بە هاوکاری هونەرمەند شیار ئاگری ئامادەکراون، لە 2008 بووە ئەندامی گرووپی قامشلۆ و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و درێژە بە هونەرەکەی دەدات.
 
شەریف ئۆمەری، لە پۆدکاستێکی رووداودا کە ئادلین قاسم لە 2023 لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، دەڵێت، لە دەستپێکی کاری هونەرییدا کەس هاوکاری نەکردووە، بەڵکو بەشێک لە خەڵکی گاڵتەیان پێیکردووە.
 
بەشێکی زۆر لە ڤیدیۆکلیپەکانی شەریف ئۆمەری لە یوتیوب بینەری زۆریان هەیە، لەوانەش ڤیدیۆکلیپی 'ئازادی' کە زیاتر لە هەشت ملیۆن و 800 هەزار بینەری هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە