رووداو دیجیتاڵ
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "The Lion King" بەناوی "Mufasa" بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 591 ملیۆن و 998 هەزار دۆلارە.
ئەم بەرهەمە لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاوکرایەوە، لەو داهاتە 209 ملیۆن و 798 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور دا بەدەستهێناوە، لەم هەفتەیەدا لە ریزبەندی دووەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا هات. لە سینەماکانی جیهاندا 382 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە.
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای دیزنییە، ماوەکەی یەک کاژێر و 58 خولەکە، لە جۆری بەرهەمەکانی سەرکێشی ئاژەڵان، دراما، خێزانی، میوزیکئامێز و فانتاسییە.
"The Lion King" ئەمجارە باس لە چیرۆکی رەسەنی شا موفاسا دەکات و لە دەرهێنانی باری جێنکینز، دەرهێنەری ئەمریکییە.
فیلمەکە بە هەمان شێوەی دوایین بەشی زنجیرەکە بەرهەمهاتووە کە لە 2019 بەناوی " The Lion King" بڵاوکرایەوە و شێوازی ریالیتی وێنەیی تێیدا بەکارهاتووە.
بەرهەمهێنانی بەشی نوێی زنجیرەکە؛ بەهۆی سەرکەوتنی دوایین بەشی بوو کە لە 2019 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 662 ملیۆن و 20 هەزار دۆلارە، لەو داهاتە 543 ملیۆن و 638 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و یەک ملیار و 118 ملیۆن دۆلار و 382 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە. بودجەی بەرهەمهێنانی 260 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ