رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رێبین جەمال، لە نوێترین کاری هونەرییدا بە ناوی (کولبەی ئەحزان)، ئاوازێکی رەسەنی 300 ساڵەی شاری کۆیە زیندوو دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە بڵاوی کردەوە. ئەم بەرهەمە کە لە هۆنراوەی عەونیی شاعیرە، تەنیا گۆرانییەک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی هونەریی وردە و رەسەنایەتیی مێژوویی و جوانیی بینراوی هاوچەرخی ئاوێتە کردووە.
ئاوازی گۆرانییەکە یەکێکە لە دەگمەنترین ئاوازە کوردییەکان کە لەسەر فۆرمی "موەشەح" داڕێژراوە، ئەمەش وای کردووە بەرهەمەکە لە رووی میوزیکییەوە خاوەن تایبەتمەندییەکی ناوازە بێت. رێبین جەمال لە میانی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو کە لەلایەن جەعفەر موبەشرنیا، پێشکێشکاری رووداو کرا، ئاشکرای کرد، مێژووی ئاوازەکە بۆ زیاتر لە 300 دەگەڕێتەوە و "ماوەی 18 ساڵە بیری لێ دەکەمەوە چۆن پلانێکی بۆ دابڕێژم".
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەرهەمە، هەڵبژاردنی شوێنی وێنەگرتنەکەیەتی. هەرچەندە هۆنراوەکەی عەونی پڕە لە "رەشبینی و خەم" وەک ئەوەی رێبین جەمال باسی دەکات، بەڵام ڤیدیۆکلیپەکە لە سرووشتی دڵڕفێنی شاری رەشت لە باکووری ئێران وێنە گیراوە. رێبین جەمال هۆکاری ئەم هەڵبژاردنە دەگەڕێنێتەوە بۆ ویستی دروستکردنی هاوسەنگییەک لەنێوان وشە و وێنەدا و گوتی: "ویستمان وەکو دڵنەواییەک بۆ شاعیری گەورە، پێچەوانەی شیعرەکە گەشبینییانە بیر لە کارەکە بکەینەوە... ئەوێ دنیایەکە رۆح دەدات بەبەر ئاواز و گۆرانی".
ڤیدیۆکلیپەکە لە دەرهێنانی خدر محەممەدە، تێیدا پەردیس شەهرابی و هێمن ئالانی وەک ئەکتەر بەشدارن. پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی لەلایەن هونەرمەند و ئەکتەرەکانەوە، رەهەندێکی دیکەی کولتووری بە بەرهەمەکە بەخشیوە و جەخت لەسەر ناسنامەی کوردیی کارەکە دەکاتەوە.

رێبین جەمال سەرەتای کاری هونەریی وەک ژەنیارێکی بەتوانای ئامێری کلارنێت دەستیپێکردووە، گواستنەوەی توانای هونەریی بۆ گۆرانیوتن بە پرۆسەیەکی سرووشتی دەزانێت. ئەو دەڵێت: "دوای 39 ساڵ کارکردن لە بواری میوزیکدا و شارەزابوون لە نهێنییەکانی، بڕیاری ئەوەم دا ئیتر خزمەتی گۆرانیش بکەم". ئەم ئەزموونە قووڵە میوزیکییە لە وردەکارییەکانی بەرهەمی "کولبەی ئەحزان"ـدا رەنگی داوەتەوە، کە لێزان قادر کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و ئامێری عودی بۆ ژەنیوە.

ئەم بەرهەمە بە هەوڵێکی تاکەکەسی نەهاتووەتە بەرهەم، بەڵکو وەک هونەرمەند خۆی ئاماژەی پێ دا، بە پشتیوانیی کۆمەڵێک کەسایەتی و لایەنی دڵسۆزی هونەر سەرکەوتوو بووە، ئەمەش دەریدەخات کە کاری هونەریی رەسەن هێشتا جێگەی بایەخی کۆمەڵگەیە و تۆڕی میدیایی رووداو لە پشتی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەوە بووە.

(کولبەی ئەحزان) تابلۆیەکی هونەریی بیستراو و بینراوە کە رابردوو و ئێستا، وشە و وێنە، خەم و هیوا پێکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ