رووداو دیجیتاڵ
چالاکییەکانی 75مین پێشانگه‌ی نێودەوڵەتیی كتێبی فرانكفۆرت دەستیپێکردووە و ئاریان سه‌لاحه‌دین، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی وه‌زاره‌تەکە، به‌شداری كردنه‌وه‌ی پێشانگهکەی کرد.
له پێشانگهكهدا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به چه‌ندین به‌رهه‌می نووسه‌رانی كورد به زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی به‌شداره. هاوكات له رێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی پێشانگهكهشدا كه 19ـی تشرینی یەکەمی 2023 به‌ڕێوه‌چوو، شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان شوێنی تایبه‌تی بۆ ته‌رخانكرا و بەشدارە.
له چوارچێوه‌ی به‌شداری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له پێشانگهكهدا، بڕیاره رۆژانی شه‌ممه و یه‌كشه‌ممه 21-22ـی تشرینی یەکەم، شاندی وه‌زاره‌ت چه‌ند چالاکی و سیمینارێك به‌ڕێوه‌ببات
به گوێره‌ی خشته‌ی چالاكییه‌كان، سێ كۆڕی كوردی ساز ده‌كرێن، یه‌كه‌میان مژاری 'شەرم لە كوردبوون و ئەزموونی وەرگێڕان و ئەدەبی كوردی' لەلایەن میران ئەبرهام و ئەنوەر ئەڵمان پێشكه‌ش ده‌كرێت، دووه‌میان كۆڕی 'ناساندنی كتێبی وەهمێك لە بوون' لەلایەن دیمەن سوهرابی پێشكەش دەكرێت، سێیه‌میان یوسف مەنتك كۆڕێك له باره‌ی ئەزموونی دیوانی ئێوارانی راین پێشكەش دەكات كه بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
هه‌روه‌ها كۆڕێك به ناونیشانی 'فرمێسك لە چاوی رۆژگاردا - دەقی مەهاباد قەرەداخی' لەلایەن فرمێسك مستەفا پێشکێش دەکرێت. دواتر حەلیم یوسف، رۆماننووسی کورد لەبارەی رۆمانی '99 موورووی پەرشوبڵاو' قسە دەکات كه بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
سبەی یەكشەممە، سێ چالاکی ساز ده‌كرێن، كه بریتین له 'بەهێزكردنی ئەقڵی كەسایەتی منداڵ' لەلایەن د. هاوڕێ زەنگەنە، 'وێنای ژن لە نمایشنامەی كوردیدا' لەلایەن رێزان ساڵح و 'رۆڵی میدیا لە بەرەوپێشبردنی وشیاری' له‌لایه‌ن تامان شاكر ساز ده‌كرێت.
بڕیاره پێشانگه‌كه تا 23ـی تشرینی یه‌كه‌م به‌رده‌وام بێت، تێیدا ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌زگە به‌ناوبانگه‌كانی چاپ و بڵاوکردنەوەی كتێب له جیهاندا به‌شدارن، هه‌روه‌ها ده‌یان توێژه‌ری ناسراو و ئه‌كادیمی و كه‌سایه‌تی رۆشنبیری جیهانی به‌شداری پێشانگه‌كه ده‌كه‌ن.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان له 2004ـه‌وه بەشداری ئەم پێشانگەیە دەکات و له سێ ساڵی رابردوودا به هۆی په‌تای كۆرۆنا، پێشانگه‌كه له كاتی خۆیدا نه‌كرایه‌وه و دوای تێپه‌ڕینی كۆرۆنا ئه‌مساڵ، جارێكی دیكه پێشانگه‌كه كرایه‌وه.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له رێگه‌ی چاپكراوه‌كانی تایبه‌ت به كورد و كۆڕ و چالاكی رۆشنبیرییه‌وه كار بۆ ناساندنی مێژوو و كولتوور و فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردی له بواره جیاجیاكان ده‌كات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ