رووداو دیجیتاڵ
بەکر مەعرووف، ئەکتەری دیاری شانۆ، دراما، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سوورێنچک بووە و داوای هاوکاری دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات. شاندێک لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کردووە و بەڵێنی هەموو هاوکاریییەکی پێداوە بۆ چارەسەرکردنی.
چیرۆکی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە
بەکر مەعرووف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چیرۆکی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لە گەشتێکدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە ئێران بووم، ئەوان پشکنینیان دەکرد، منیش بە هەمان شێوە پشکنینێکی گشتیم ئەنجامدا". ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەدا، هەستی بە ئازارێک دەکرد لە کاتی نانخواردندا. پشکنینەکان لە ئێران و دواتریش لە هەولێر، دەریانخست کە گرێیەکی شێرپەنجەیی لە قۆناغی دووەمدا لە سوورێنچکی دروست بووە.
مەعرووف باس لە ساتە سەختەکانی دوای زانینی هەواڵەکە دەکات و دەڵێت: "شەوی یەکەم دوای ئەوەی پشکنینی 'زەرع'یان بۆ کردم، خەوم لێنەکەوت و زۆر خەمم دەخوارد".
پشتگیریی حکومەت ورەی بەرز دەکاتەوە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشییەکەی، رۆژی یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەت و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەردانی ماڵی هونەرمەند بەکر مەعرووفیان کرد.
ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە هاتووین بۆ گەیاندنی پەیامی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری. مامۆستا بەکر سەروەتێکی نیشتمانییە و مێژوویەکی گەورەی هەیە. هەر پێویستییەک هەبێت بۆ چارەسەری، چ لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات، ئێمە لە خزمەتیدا دەبین و کەمتەرخەمی ناکەین".
ئەم پشتیوانییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی هونەرمەندەکە هەبووە. بەکر مەعرووف دەڵێت: "زۆر سوپاسی بەڕێزان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، وەزارەتی رۆشنبیری و بەتایبەت کاک ئاریان و مامۆستا فەرهەنگ دەکەم کە رۆژانە بە تەلەفۆن هەواڵم دەپرسن. ئەم پشتیوانییە وایکردووە ئێستا ورەم زۆر بەرزە و دڵم زۆر خۆشە".
50 ساڵ خزمەتکردنی هونەری کوردی
فەرهەنگ غەفوور، ستایشی رۆڵی بەکر مەعرووفی کرد و گوتی: "مامۆستا بەکر نزیکەی 50 ساڵە خزمەتی هونەر دەکات. ئەو تەنیا هونەرمەند نەبووە، بەڵکو کەسێکی شارەزا بووە لە بواری کارگێڕی و ژمێریاریدا و بەردەوام رێپیشاندەر بووە بۆ ئەوەی پڕۆژە هونەرییەکان بە شێوەیەکی رێک و پێک بگەنە وەزارەت. گرنگە رێز لە هونەرمەندان لە ژیانی خۆیاندا بگیرێت، نەک دوای مردنیان".
بەکر مەعرووف داوا دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی وڵاتی ئوردن بکرێت، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش دڵنیایی داوە کە هەموو ئاسانکارییەکی پێویستی بۆ دەکەن.
بەکر مەعرووف لە 16ـی شوباتی 1959 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، دەرچووی ئامادەیی بازرگانییە و لە 1ـی شوباتی 1972 چووەتە نێو دنیای هونەر و نواندن، یەکەم رۆڵیشی لە شانۆگەریی (ژنهێنانی هاوچەرخ) بوو. لە 1980 پەیوەندی بە تیپی شانۆیی پێشڕەو کردووە. جگە لە ئەکتەری، دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆ، دراما و فیلم کردووە. ساڵی 1994 خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە شانۆگەریی (تاوان و سزا) لە دەرهێنانی موئەیەد فەقێ وەرگرتووە.
جگە لە نواندن؛ کاری دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە شانۆییانە کردووە: (رەحمەتی)، (ئاوێزە)، (سەلیم بەگ)، (فرمێسک) و (قەرەقۆش).
لەم بەرهەمە شانۆییانەدا رۆڵی گێڕاوە: (خەباتی کرێکاران)، (بەندی ژمارە 48)، (مێژوو رەش نابێتەوە)، (نەخوێندەواری)، (حەمە وەی وەی)، (بەزۆر کراوە بە دکتۆر)، (نەخۆشی ددان) و (خەج و سیامەند).
ئەکتەر لە سینەمادا رۆڵی لەم فیلمانەدا گێڕاوە: (سێگۆشەی مەرگ) لە دەرهێنانی عەدنان عوسمان، (رۆژانی زەرد) لە دەرهێنانی رێڤین عەساف، (ئەسپەکان) لە دەرهێنانی مەهدی حەسەن، (بیرەوەرییەکانی سەر بەرد) لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی و (قارەمانی چەرخ) لە دەرهێنانی جوان بامەڕنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ