فیلمی 'مێسیی بەغدا' سێ خەڵات لە هۆلیوود بەدەست دێنێت

21-11-2023
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی  'مێسیی بەغدا' لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا لە هۆلیوودی ئەمریکا بەدەست دێنێت.
 
خەڵاتەکان بریتین لە باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ کە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا کێبڕکێی لەگەڵ 11 فیلمی جیهانیدا دەکرد.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆلیوودی لۆس ئەنجلس دەستپێکرد و لە 17ـی تشرینی دووەم کۆتایی هات.
 
'مێسیی بەغدا' نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، لە دوای بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا، خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'Schlingel' لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا و لە 45مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەکات، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە دواخراوە.
 
'مێسیی بەغدا' لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'Schlingel' لە شاری کێمنێتس ئەڵمانیا بەشداربوو کە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەچوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
 
لە حوزەیرانی 2023، 'مێسیی بەغدا' بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا کردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای کە بەربژێری سێ خەڵات بوو و لە هەمان مانگ لە 63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە لە چیک بەشداربوو.
 
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
 کورتەفیلمی 'مێسیی بەغدا' براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەیوب عەلی میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی رووداو بوو

ئەیوب عەلی و گارە سازکار بەرهەمێکی نوێیان بە ناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە

هونەرمەند ئەیوب عەلی لەگەڵ هونەرمەند گارە سازکار نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە. ئەیوب عەلی دەڵێت، تێکستەکەی سادەیە بۆ ئەوەی منداڵان لەبەری بکەن و هەستی نەتەوەییان لا دروستبێت.