هونەرمەند زوهێر عەبدولمەسیح لە سوێد کۆچی دواییکرد

21-12-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن زوهێر عەبدولمەسیح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، زوهێر عەبدولمەسیح، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراو و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، لە تەمەنی 76 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە لە شاری ئێسکڵستۆنای سوێد کۆچی دواییکرد.
 
زوهێر عەبدولمەسیح ئیلیا یەکێکە لە ناوە دیارەکانی بزووتنەوەی شانۆ، دراما و سینەمای کوردستان، مامی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا، ئانۆ جەوهەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، باسی کۆچی دوایی مامی کردووە و دەڵێت: "زوهێری پێشمەرگەی دێرینی شۆرشی ئەیلوولی مەزن و کادری دێرین و دڵسۆزی رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر. مرۆڤدۆست، هونەرمەند و نیشتیمانپەروەر، ئێمەی بەجێهێشت. روحت شاد بێت مامە، جێگای بەهشت بێت بابی ژین، دەریا و دانا، بەردەوام یادگاریت و قسە بەنرخەکانت، رێنماییت و برادەرایەتیت، لە ناخماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
 
زوهێر عەبدلومەسیح لە 1948 لە عەنکاوە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە ئەڵقۆش تەواو کردووە کە باوکی بۆ ماوەی 18 ساڵ لەوێ مامۆستا بووە، پاشان خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی خوێندنی 1972-1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرهێنان لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. لە ماوەی کاروانی هونەرییدا کە زیاتر لە نیو سەدەی خایاند، چەندین بەرهەمی شانۆیی، تەلەفزیۆنی و سینەمایی دیاری بە زمانەکانی (سوریانی، کوردی و عەرەبی) پێشکێش کردووە.
 
کارە هونەرییەکانی لە رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغدا دەستپێکرد، دواتر پەیوەندی بە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و پلەکانی بڕی تا بوو بە یاریدەدەری شەهید دارا تۆفیق، هەروەها لە رۆژنامەی (ئەلتەئاخی) لە بەغدا کاری کردووە. پاشان پەیوەندی بە ریزەکانی شۆڕشی ئەیلوول کرد بە رێبەرایەتیی بارزانی نەمر، لە کاتی بۆردومانکردنی دەنگی کوردستانی -عێراق بریندار بوو، پاشان بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئێران کرا و دواتر بەهۆی رێککەوتننامەی جەزائیرەوە بووە پەنابەر.
 
 هونەرمەند چەندین کاری هونەری گرنگی بە زمانە جیاوازەکان پێشکێش کردووە، یەکەم کاری شانۆیی لە عەنکاوە لە 1969 بە ناوی (شەمدانەکانی ئوسقوف) بوو کە لە رۆمانی ڤیکتۆر هوگۆوە وەرگیرابوو. زۆربەی کارەکانی رەنگدانەوەی ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کوردستان بوون، تەنانەت ئەو کارانەشی بە زمانی دایکی (سریانی / کلدانی ) پێشکێشکراون، لەوانە دەرهێنان و وێنەگرتنی یەکەم فیلم لەبارەی شۆڕش، بە ناوی (بەرەو ئازادی).  هەروەها شانۆگەریی بەناوبانگی (سیبۆ)ی لە یانەی رۆشنبیری ئاشووری لە بەغدا لە 1 شوباتی 1971 دەرهێناوە.
 
رۆڵێکی کارای هەبووە لە پەرەپێدانی درامای کوردی و کاری دەرهێنانی بۆ هونەرمەندە دیارەکانی کورد کردووە کە لە تەلەفزیۆنی کەرکووک پێشکێش کراون. چەندین شانۆگەری دیکەی پێشکێش کردووە وەک (کوڕی خاک) بە سریانی - کلدانی ، و (فطور الساعة الثامنة) لە بەغدا لە حەفتاکاندا بە زمانی عەرەبی، لە عەنکاوە شانۆگەریی (مووچەی مانگێک)ی بە زمانی سریانی (کلدانی) دەرهێناوە. ئەزموونی دەرهێنانی بۆ شانۆی کوردی هەبووە لە کارەکانی وەک (رووناكی) و (پرسیار)، جگە لە بەرهەمە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەکەی (تاپۆ حەقی چییە؟) و چەندین کاری دیکەی ناسراو.
 
لە دیارترین ئەو کارانەی لە کۆتایی تەمەنی پێشکێشی کردوون، فیلمی (عتۆ) بوو بە زمانی (سریانی - کلدانی)  کە لە هاودیان، ئەڵقۆش و عەنکاوە وێنەگیرابوو. لە سوێدیش کە ساڵانێکی زۆر لێی ژیا، شانۆگەریی (ئەرخەل)ی بە زمانی سریانی - کلدانی  پێشکێشکرد.
 
عەبدۆکا بەردەوام بووە لە دەرهێنان و پێشکێشکردنی دراما لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک بە زمانی کوردی و شانۆگەریی (رۆلەی خاک)، (فراڤینی کاتژمێر هەشت) و (مووچەی مانگانە) .
 
هونەرمەند یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کەناڵی کوردستان تی ڤی، لە یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما لە هەولێر؛ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ درا، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی (سێگۆشەی مەرگ).
 
هەروەها خاوەنی ئەم بەرهەمانەشە کە لە 1969ەوە کاری بۆ کردوون: ئۆپەریتی (تارا) و شانۆگەرییەکانی (مۆمەکان)،
(نەفرەتلێکراو)، (الباب الاخیر)، (خولەی چەخماخە)، (لانەوازان)، (گولی سیس)، (جق و نق)، (نانی بەیانی)، (لعبة الحب). هەروەها فیلمەکانی (محمد رسول الحریة)، (شەمەندەفەر)، (ماڵی سەرگردەکە)، (تاپۆ حەقی چییە)، (جەنابی جانەوەر)، (خاتوو کلاوزەر)، (مێوانی ناوەخت)، (بەرەو رزگاری)، (فت) و (گەرانەوە). جگە لە بەڵگەفیلمەکانی (داستانەكانی پێشمەرگە) و (قەڵای دم دم و خانی لەپزێڕین).
 
هونەرمەند کەسایەتییەکی دیاری عەنکاوە، کوردستان و عێراقە، کوڕە گەورەی پەروەردەکار و مامۆستای کۆچکردوو عەبدولمەسیح ئیلیا عەبدۆکا و خاتوو سارا تۆما بەهنان عەلی بەگ بوو. هاوژینی ئەندازیاری فاتن پۆڵس بێتۆن و باوکی هەریەک لە ژین، دەریا، دانا بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە