رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نمایشی جلوبەرگە پاییزییەکانی 2024 لە جیهاندا دەستیپێکردووە، لوی ڤیتۆن کە یەکێک لە ناوە دیارەکانی نێو جیهانی فاشنە، نمایشی تایبەتی لەمبارەیەوە لە یەکێک لە گەورەترین بازاڕە جیهانییەکان هەبوو، ئەویش چینە.
ئەو براندە فەرەنسییە، دیزاینەکانی تایبەت بە خانمان لە مۆزەخانەی لۆنگ لە شەنگهای خستەڕوو و جلوبەرگەکان لەلایەن سەن یتیان دیزاینکرابوون.
دەیان نمایشکاری جلوبەرگ، دیزاینەکانیان نمایشکرد، بەشێک لە دیزاینەکان رەنگاورەنگ بوون و وێنەی ئەنیمەیشنی ئاژەڵیان لەسەر نەخێشندرابوون.
لە بەشێک لە دیزاینەکاندا، دیزاینەر جووڵەی بە دیزاینەکانی دابوو و لە کاتی رۆیشتنی نمایشکارانی جلوبەرگ لە بەردەم ئامادەبوواندا، ئەو جووڵەیە بەدی دەکرا.
چین بە بازاڕێکی گرنگ لە بواری جلوبەرگدا هەژمار دەکرێت و بەشێک لە براندە جیهانییەکانی فاشن پەنا دەبەنە بەر ئەو بازاڕە و نوێترین دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو.
لوی ڤیتۆن، خانەیەکی جلوبەرگی فەرەنسییە، لە 1854 لەلایەن دیزاینەر لوی ڤیتۆن دامەزراوە، جلوبەرگ، جانتا، ئێکسسوارات و چاوێلکە بەرهەمدێنێت.
بۆ ماوەی شەش ساڵ (2006-2012) وەک باشترین براندی بازرگانی گرانبەها لە جیهاندا ناسێندرا، لە 2012 نرخی بە 25.9 ملیار دۆلار خەملێندرا و لە 2013 گەیشتە 28.4 ملیار دۆلار و داهاتی 9.4 ملیار دۆلار بوو.
لوی ڤیتۆن لە 50 وڵات و لە رێگەی 460 شوێنی فرۆشتن، بەرهەمەکانی دەخاتە بازاڕەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ