رووداو دیجیتاڵ
جوان حەسەن، هونەرمەندی رۆژئاوی کوردستان بەهۆی سووتانەوە، شەوی رابردوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی حەلەبی سووریا گیانی لەدەستدا.
ئەو هونەرمەندە کوردە خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و لە شاری عامودا دەژیا، رۆژی سێشەممە 20ـی ئایاری 2025 ماڵەکەی سووتا، بەهۆیەوە بەشێکی زۆری جەستەی سووتا و لە ژێر چاودێری چڕدا بوو.
مەسعود کەراد، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان کە پێشتر لەگەڵ هونەرمەند جوان حەسەن لە کەمپی شەهبا بوونە، بە رووداوی راگەیاند، تەرمی هونەرمەند ئێستا لە حەلەبە و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گوندی کوردا لە عەفرین بە خاک بسپێردرێت.
جوان حەسەن لە 1980 لە گوندی کوردا لە عەفرین لەدایکبووە، سەرەتا وەک ژەنیار دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکەم گۆرانیی لە 2018 بڵاوکردەوە، بە گشتی 20 گۆرانیی هەیە و گشتیان لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی. "لۆ لۆ وەلاتۆ" و "ل تە دگەرم عەفرینا من" لە دیارترین بەرهەمەکانیەتی.
ئەو هونەرمەندە لە 2018 عەفرینی جێهێشت و لە کەمپی شەهبای حەلەب ماوەتەوە، لە 2024 لە شاری عامودای رۆژئاوای کوردستان جێگیر بووە.
ئەو هونەرمەندە ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و دوو کچ و کوڕێکی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ