نوێترین دیزاینەکانی دۆڵچێ و گەببانا لە میلان نمایشکران

22-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن دۆڵچێ و گەببانا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

براندی دۆڵچێ و گەببانا، نوێترین دیزاینەکانی خۆی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پیاوان لە میلان بۆ بەهار و هاوینی 2026 نمایشکرد. 
 
نمایشەکە رۆژی شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025 لە چوارچێوەی یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی فاشن لە شاری میلان لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. 
 
نمایشکارە پیاوەکان، جووڵەکانیان بۆ نمایشکردنی دیزاینەکان، لەگەڵ ریتمی ئاوازەکانی بێتهۆڤن بوون. 
 
دۆڵچێ و گەببانا، خانەیەکی جلوبەرگی گرانبەهایە و جلوبەرگ، جانتا، کاتژمێر و بۆن بەرهەم دەهێنێت. لەلایەن هەردوو دیزاینەری ئیتاڵی ستیڤانۆ گەببانا و دۆمێنیکۆ دۆڵچێ لە ساڵی 1985 دامەزراوە. 
 
ئەو براندە جیهانییە بەوە ناسراوە کە دیزاین بۆ کەسایەتییە بەناوبانگەکان دەکات، لەوانەش مادۆنا، گۆرانیبێژی ئەمریکی، مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ئیتاڵی و لیۆنێل مێسی، یاریزانی ئەرجەنتینی. 
 
رەنگی رەش لە دیزاینەکانی ئەو براندەدا زاڵە و خواستێکی زۆری لەسەرە. لە 2005 داهاتی ئەو خانەیە 750 ملیۆن یۆرۆ بووە. 
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پیاوان لە میلان بۆ بەهار و هاوینی 2026، لە 20ـی حوزەیرانی 2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 24ـی هەمان مانگ لە شاری میلان لە ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت. 
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیویۆرک، لە هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهانن و رکابەریان نییە. 
 
لە 1ـی تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025، لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. هەفتە نمایشەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی هەفتە نمایشە گرنگەکان لە جیهاندا. 
 
هەفتە نمایشەکان ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێن، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوانیش لەخۆدەگرن، هەروەها بەشێک لە هەفتە نمایشەکان تایبەتن بە جلوبەرگە گرانبەهاکان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە