رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی کۆستاریکا رایانگەیاند، ماڵکۆم-جەمال وارنەر، ئەو ئەکتەرەی لە زنجیرەی "The Cosby Show" گێڕاوە، لە تەمەنی 54 ساڵیدا بە رووداوێکی خنکان گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دادوەریی کۆستاریکا رۆژی دووشەممە 21ـی تەمموزی 2025 (بە کارتی ئەمریکا) رایگەیاند، وارنەر نیوەڕۆی یەکشەممە لە کەناراوێکی دەریای کاریبی لەو وڵاتە خنکاوە. ئەو لە کەناراوی "پلایا کۆکلێس" لە پارێزگای لیمۆن مەلەی دەکرد، کاتێک شەپۆلێکی ئاو بۆ قووڵایی دەریاکە رای کێشاوە.
لە راپۆرتە سەرەتاییەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە: "لەلایەن خەڵکی سەر کەناراوەکە رزگارکرا"، بەڵام فریاگوزارە سەرەتاییەکانی مانگی سووری کۆستاریکا کاتێک گەیشتوونەتە سەری؛ بێهۆش بووە و گیانی لەدەستداوە، دواتر بۆ پزیشکی دادی گواستراوەتەوە.
وارنەر، ئەکتەری چەندین بەرهەمی تەلەڤزیۆنییە کە لە یادەوەریی نەوەیەک لە منداڵان و دایک و باوکانیاندا چەسپیوە، بەناوبانگترینیان "The Cosby Show"ـە کە لە ساڵانی 1984 تاوەکو 1992 پەخشکراوە.
ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە بۆ ماوەی هەشت وەرز رۆڵەکەی گێڕا، لە هەر 197 ئەڵقەکەدا بەشداربوو، لە 1986دا بەربژێری خەڵاتی ئێمی بوو بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە زنجیرەی کۆمیدیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ