مارایا کاری وەک کەسایەتیی 2026 دەستنیشانکرا

22-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مارایا کاری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی (MusiCares) کە هاوکاریی دارایی، کەسی و پزیشکی پێشکێشی هونەرمەندانی بواری میوزیک دەکات، رایگەیاند، مارایا کاری، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، وەک "کەسایەتیی ساڵی 2026" دەستنیشان کرد.
 
رۆژی سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێکخراوەکە ئاشکرای کرد، رێزلێنانەکە لە بەرامبەر کارە مرۆییەکانی مارایا کاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانیەتی بۆ چەندین کۆمەڵگەی کەم دەرامەت. 
 
لە دیارترین کارە خێرخوازییەکانی، هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی زریانی کاترینا و پەتای کۆڤید-19 بووە. هەروەها دامەزراندنی (کەمپی مارایا) بۆ پشتیوانیکردنی گەنجانی خاوەن بەهرەی کەم دەرامەت و پەرەپێدانی بواری تەندروستی، پەروەردە و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی.
 
بڕیارە مارایا کاری لە 35ـەمین رێوڕەسمی ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتیی ساڵ؛ لە سەنتەری کۆنفرانسی لۆس ئەنجلس لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026 نازناوەکەی پێدەبەخشرێت کە دوو رۆژ بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامییە.
 
رێزلێنانەکە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی نوێترین ئەلبوومی ستۆدیۆیی مارایا کاری بە ناوی (Here for It All) کە لە 26ـی ئەیلوولی 2025 بڵاوکرایەوە و یەکەم ئەلبوومیەتی لەدوای حەوت ساڵ.
 
تریسا وۆڵتەرز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (MusiCares)، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کاریگەریی مارایا کاری زۆر لە هونەرە نایابەکەی زیاترە. کارەکانی ئەو، بەهایە سەرەکییەکانی (MusiCares) دەردەخەن کە بریتییە لە دروستکردنی سیستمی چاودێری کە خەڵکی پێ بەرز دەکرێتەوە و دڵنیایی دەدات کە هونەرمەندانی بواری میوزیک و کۆمەڵگەکان دەتوانن گەشە بکەن".
 
لە 2025 رێکخراوی (MusiCares) نازناوەکەی بەخشییە گرووپی (Grateful Dead)، ئەمەش لەبەرامبەر هەوڵە خێرخوازییەکانیان و توانای بێوێنەیان لە دروستکردنی کۆمەڵگە لە رێگەی کۆنسێرتەکانیانەوە و کاریگەرییان لەسەر میوزیکی ئەمریکی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە